
وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوانی ئیسرائیل هیچ رەوایەتیەكی ئەخلاقی نییە بۆ تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکە
باسک نێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی لە بانگەوازەکەی ترەمپ گرت بۆ گفتوگۆ و رایگەیاند: خواستی ترەمپ بۆ ئاشتی پێچەوانەی هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەیەتى بەرامبەر بە ئێمە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، ئامادەیی وڵاتەکەی پیشاندا بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی دەرەوەى ئێران، لە بەیاننامەیەکدا، واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بە پیادەكردنی رەفتارێكی دوژمنکارو تاوانکارانە دژی تاران .
لێدوانەکانی ترەمپیشی لەبەردەم کنێستی ئیسرائیلی بە پووچ و نابەرپرسیارانە ناوبردوەو ئاماژەی بەوەكرد: ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوانی رژێمی ئیسرائیل کە پەیوەستە بە تاوانەكانی كۆمەڵكوژی، هیچ رەوایەتیەكی ئەخلاقی نییە بۆ تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکە.
پێشتر ترەمپ داوای لە ئێران کردبوو گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا بکات، لە میانەی وتارەکەشیدا کە لە بەردەم کنێستی ئیسرائیلی پێشكەشی كرد، وتی: هیچ شتێک باشتر نییە بۆ ناوچەکە لەوەی كە ئێران دەستبەرداری تیرۆریستان بێت و واز لە هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی بهێنێت و واز لە پارەدان بە گروپە چەکدارەکانی بهێنێت و دواجار دان بە مافی بوونی ئیسرائیلدا بنێت.



