
پوتین و شی جین پینگ لە گفتوگۆیەكی لاوەكیدا باسیان لە درێكردنەوەی تەمەنى مرۆڤ كردووە
باسک نێت
مایکرۆفۆنێكی کراوە، ناوەڕۆکی گفتوگۆیەکی لاوەکیی نێوان شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین، هاوتا روسییەکەی، سەبارەت بە “نەمریی” و درێژكردنەوەی تەمەن ئاشکرا کردووە.
لە تۆمارێکی دەنگیدا دەركەوتووە، سەرۆكی روسیاو هاوتا چینیەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە پەراوێزی نمایشی سەربازی رۆژی سەرکەوتن كە لە پەکین بەڕێوەچوو، دووقۆڵی باسیان لە ئەگەری ژیانكردن كردووە تا ١٥٠ ساڵ.
بەگوێرەی تۆمارە دەنگییەكە، کە لەلایەن تەلەفزیۆنی ناوەندی چین (CCTV)ەوە پەخش کراوە، هەردوو سەرۆكەكە باسیان لە ئەگەری گەیشتن بە نەمریی لەڕێگەی چاندنی ئەندامەکانی جەستەو تەکنەلۆژیای پزیشکی پێشکەوتوو کردووە.
بەگوێرەی رۆژنامەی پۆلیتیکۆ، پاڵپشت بە وتەی وەرگێڕێکی روسی، شی بە پوتین-ی راگەیاندووە: لە رابردوودا خەڵک بە دەگمەن تا 70 ساڵ دەژیا، بەڵام ئەمڕۆ لە تەمەنی 70 ساڵیدا تۆ هێشتا منداڵی.
پوتین لە وەڵامدا وتویەتی: لەگەڵ پەرەسەندنی بایۆتەکنەلۆژیا، دەتوانرێت ئەندامەکانی مرۆڤ بە بەردەوامی بچێنرێن و مرۆڤەکان گەنجترو گەنجتر بژین و تەنانەت نەمریش بەدەستبهێنن.
شی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەكردووە: پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سەدەیە رەنگە دەرفەت بە مرۆڤەکان بدات تا ١٥٠ ساڵ بژین.



