
ئێوارەی دوێنێ كاروانێكی تری هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بەرەو بنكەی شەدادیی باشووری شاری حەسەكەی سووریا كشانەوە. ئەوەیش لە ماوەی 24 سەعاتدا كشانەوەی دووەمین كاروانی ئەو هێزەیە كە لە عێراقدان.
باسک نێت
ئێوارەی دوێنی چوارشەممە هێزێكی زۆری ئەمەریكی كە لە ژمارەیەك تانك و زرێپۆش و سەرباز پێكهاتوون، پێشتر لە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بوون، بەرەو بنكەی شەدادیی باشووری شاری حەسەكە كشانەوە و لەوێ جێگیر بوون. ئەویش بەپێی بڕیاری پنتاگۆن كە بڕیاری داوە تا كۆتایی ئەمساڵ هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە.
ئاماژە دراوە كە كاروانە سەربازییەكە پێكهاتووە لە 80 باربەر كە كەلوپەلی لۆجیستی، هەروەها تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی و ژمارەیەك سەرباز كە تا ئێستە ژمارەیان بە دروستی ئاشكرا نەكراوە.
دووپات كراوەتەوە كە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، ئەمە دووەمین كاروانی سەربازیی ئەمەریكایە كە لە عێراقەوە بەرەو سووریا كشاوەتەوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە دا كە سێشەمیش كاروانێكی سەربازیی هاوشێوەی ئەمەریكا، لە عێراقەوە گەیشتووەتە خاكی سووریا، ئەو كاروانەیش لە 50 باربەر و تانك و زرێپۆش پێكهاتووە و گەیشتوونەتە بنكەكانی خراب جیر و قرسك لە دەورەبەری شاری حەسەكە.




