
پێگەی (ئەلعەرەبی جەدید) بڵاوی كردووەتەوە، یەدەگی ئاوی عێراق لە نزمترین ئاستیدایە، كە لە ماوەی 80 ساڵی خۆیدا جۆری نەبووە، ئەوەش بەهۆی خراپیی وەرزی بارانبارین و کەمبوونەوەی لێشاوی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی وڵاتەکەن.
لە پەراوێزی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغدا، خالد شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سامانەکانی ئاو ڕوونی کردەوە کە کەمیی ئاو لە ساڵی ڕابردوو زیاترە و دەسەڵاتداران ناچار دەکات لە هاوینی ئەمساڵدا ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کەم بکەنەوە.
ناوبراو کە هاوکات بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی پڕۆژەکانی ئاودێریی وەزارەتە، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “لە سەرەتای وەرزی هاویندا بڕیار بوو لانیکەم 18 ملیار مەتر سێجا ئاومان هەبێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجامان هەیە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە ماوەی 80 ساڵدا ڕێژەی ئاوی عێراق وا كەم نەبووە، بەو پێیەی ئەمساڵ بارانبارین کەم بووە، سەرچاوە ئاوییەکانی توانەوەی بەفریش کەمن”.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی کە لانیکەم ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە، بەغدا بەردەوامە لە ڕەخنەگرتن لە دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبار و سەرچاوەكان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، کە ئاستی ئاوی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە عێراق بەرەو وەرزی گەرما دەچێت و دۆخی غاز و كارەباش لە وڵاتەكەدا بەهۆی ڕێپێنەدانی ئەمریكا بۆ كڕینی لە غاز لە ئێران، لە دۆخێكی خراپدایە.
باسک نێت




