
ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی ئێران گەیشتە 18 کوژراو و زیاتر لە 800 بریندار
باسک نێت
ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی شارستانی بەندەر عەباس، گەیشتە 18 کەس و زیاتر لە 800 بریندار، بەرگریی شارستانیی بەندەرەکەش ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا بە تەواوەتی نەتوانراوە ئاگری تەقینەوەکە کۆنترۆڵ بکەن.
محەمەد ئاشووری، پارێزگاری هورمزگان لەگەڵ ڕاگەیاندنی دوا ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی، کە ژمارەیان بۆ 18 کوژراو و زیاتر لە 800 بریندار بەرز بووەتەوە، ڕاشیگەیاند، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری دەبێت.
هاوکات پێشبینی دەکات، بەهۆی بەهێزی و کاریگەریی تەقینەوەکە ژمارەی قوربانیان زیاتر ببێت.
هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، ئاژانسی ئیقتسادنیووزی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسان 2025، بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی نەیانتوانیوە ئاگری تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی بکوژێننەوە.