
باسک نێت
مانگێک بەسەر پێکهێنانى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ مووچەى مانگى 12 تێپەڕى، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کارێکى نەکردووە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، بەغداد حساباتى 2024ـى داخستووە و هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت.
لە 12ی کانوونى دووەم تەیف سامى وەزیرى دارایی فیدراڵ و لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەران کۆبوونەوە، هەمان رۆژ لیژنەکە رایگەیاند، لیژنەیەکى لاوەکى بۆ بەدواداچوونى مووچەى مانگى 12ی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان پێکهێنراوە.
جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی رایگەیاند، ئەگەرچى لیژنەیەکە پێکهێنرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کارێکى نەکردووە و هیچیشى پێناکرێت، چونکە بەغداد دەڵێت، مووچەى هەر 12 مانگەکەى ساڵى رابردووى ناردووە و ئەو دۆسیەى داخستووە.
وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان بەبێ ئەوەى روونکردنەوە لەسەر مووچەى مانگى 12 بدات، لە پێنجى شوباتەوە دەستى بە دابەشکردنى مووچەى مانگى یەک کرد و دابەشکردنەکەش لە 10ـى مانگ کۆتاییهات.




