
ئاگرەكەی لۆس ئەنجلۆس تا دێت تەشەنە دەسەنێت و ئێستا لە شاری سینەمایی هۆڵیوود نزیکبووەتەوە.
باسک نێت
هەرچەندە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە نزیكبوون لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا، بەڵام بوونی رەشەبا رێگرە لە كوژاندنەوەی و ئێستا ئاگرەكە نزیكبووەتەوە لە شاری سینەمایی هۆڵیوود، لە لۆس ئەنجلۆس.
کەناڵی “kstp”ـی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگرەکە نزیکبووەتەوە لە هەندێک شوێنی بەناوبانگ، وەک هۆڵی ئۆکسار و شانۆی دۆلبی کە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری تێدا بەڕێوەدەچێت.
ئاماژە بەوە کراوە، ئاگرکەوتنەوەکان بووەتە هۆی دواخستنی سێ ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵات کە بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا بەڕێوەبچن، لەگەڵ کاتی بڵاوکردنەوەی پاڵێوراوانی خەڵاتەکانی ئۆسکاریش دواخراوە بۆ هەفتەی داهاتوو.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاربوو گەشتێک بۆ ئیتاڵیا بكات، بەڵام بەهۆی ئەم رووداوەوە گەشتەكەی هەڵوەشاندەوە.
بەهۆی رەشەبا و تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە، تیمەكانی ئاگركوژێنەوەی كالیفۆرنیا فریای كوژاندنەوەی ئاگرە ناكەون، بۆیە لە ویلایەتی نیڤاداوە چەندین تیمی ئاگركوژێنەوە رەوانەی كالیفۆرنیا كراون.
بە گوێرەی نوێترین ئامار، تائێستا پێنج كەس بەهۆی ئاگرەكەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی دوو هەزار خانوو و باڵەخانە سووتاون و زیاتر لە 130 هەزار هاووڵاتی لە لۆس ئەنجلۆس داوایان لێكراوە ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.