
ژمارەیەك هێزی سیاسیی سووننەی عێراق هاوپەیمانییان پێكهێنا
باسک نێت – تایبەت
شەوی ڕابردوو لەبەغدا “هاوپەیمانیی سەركردایەتیی یەكگرتووی سووننە” لەژمارەیەك كەسایەتی و هێزی سیاسیی عێراق پێكهێنراو 5 کوتلەی عەرەبی هاوپەیمانێتییان پێکهێنا.
بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانیی سیادە كە خەمیس خەنجەر سەركردایەتیی دەكات، هاوپەیمانێتییە نوێیەکەیان پێكهاتووە لە مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمان، خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادە، موسەننا سامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم، ئەحمەد جبوری ( ئەبو مازن ) سەرۆكی حزبی جەماهیرو زیاد جەنابی سەرۆكی كوتلەی موبادەرە.
ئاماژەی بەوەشداوە: دوای كۆبوونەوەیەكی داخراوی سەركردە سیاسییە بەشداربووەكان، بڕیار لەپێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكە دراوە.
ڕوونیشیكردەوە: لەداهاتوودا بەرنامەی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكەیان ڕادەگەیەنن و كار لەسەر پرسە سیاسی، یاسایی و مرۆییەكان دەكەن و داكۆكی لەپێكهاتەی عەرەبی سووننە لەسەرتاسەری عێراق دەكەن، بەدیاریكراویش لەپارێزگاكانی باكوورو ڕۆژئاوای وڵاتەكە.