
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە 30 ڕۆژی داهاتوودا ڤەنزوێلا هەڵبژاردن ئەنجام نادات، پێشبینیش دەکات دەستوەردانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا درێژخایەن بێت.
باسک نێت
لەمبارەیەوە دۆنالد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیووزی ئەمەریکی، باسی لە ئەگەری هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوو کرد و گوتی “دەبێت سەرەتا وڵات چاک بکەینەوە، ئێستا ناتوانین ڕێکارەکانی هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ بدەن، چونکە کات دەخایەنێت، دەبێت بە تەواوەتی وڵات بگەڕێنینەوە سەر ڕێڕەوی خۆی.”
هاوكات سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئەمەریکا پاڵپشتی هەوڵەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان بکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی وزەی ڤەنزوێلا، دەشڵێت، پرۆژەکە ڕەنگە کەمتر لە 18 مانگ بخایەنێت.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، “پێموایە دەتوانین بە ماوەیەکی کەمتر ئەو کارە بکەین، بەڵام پارەیەکی زۆری تێدەچێت و دەبێت خەرج بکرێت، کۆمپانیاکانی نەوتیش خەرجی دەکەن، دواتر لەلایەن ئێمەوە یان لەڕێگەی داهاتەوە وەریدەگرنەوە.”
هاوكات جەختی کردەوە، ئەمەریکا لەگەڵ ڤەنزوێلا لە شەڕدا نییە، بەڵکو ئێمە لە شەڕداین لەگەڵ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، ئەوانەی زیندانەکانیان بەتاڵ دەکەنەوە، ئەوانەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانیان و نەخۆشخانەکانی دەروونی خۆیان بۆ ناو وڵاتەکەمان بەتاڵ دەکەنەوە.
جێی باسە ڕۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی دەڵتای ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەیان دەستگیرکرد و گواستیانەوە بۆ ئەمەریکا.
رۆژی دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026، مادورۆی تەمەن 63 ساڵ، لە دادگا نیویۆرک چوار تۆمەتی تاوانی ئاراستە کرابوو، کە بریتین لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، پیلانگێڕی بۆ هێنانی کۆکایین و هەڵگرتنی چەکی ڕەشاش و ئامێری وێرانکەر.
بەپێی میدیاکانی ئەمەریکا، مادورۆ لە ڕێگەی وەرگێڕێکەوە بە دەنگی بەرز لە دادگا گوتوویەتی: من بێتاوانم، من تاوانبار نیم. من پیاوێکی بەشکۆم و هێشتا سەرۆکی وڵاتەکەمم، بەڵام ئەلڤین هێلەرشتاین، دادوەری دادگای فیدراڵی نیویۆرک، ڕاستەوخۆ قسەکانی پێ بڕی و ڕێگەی نەدا درێژە بە قسەکانی بدات.
لە هەمان دانیشتندا، سیلیا فلۆریس، هاوسەری مادورۆش ئامادە بوو و ئەویش بێتاوانیی خۆی لەو تۆمەتانە ڕاگەیاند کە ئاراستەی کراون.
هاوکات بە پێی میدیاکانی ئەمەریکا، دادگا ڕۆژی 17ـی ئاداری 2026ـی وەک وادەی دانیشتنی دووەمی دیاری کرد.




