كوردستانهەواڵ

مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە:بێ منەتین لەغیابدانمان، ئامادەنین بەبێ دەسکەوت بچینەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن

بەیاننامەی دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایانی هەڵەبجە

باسک نێت – هەڵەبجە

مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینانی بەڕێز
ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان
دایکان و باوکانی ماندوو نەناس

هەوڵ و چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی جوتزۆنی هەرێم بۆ شکاندنی بایکۆت، زنجیرە دوای زنجیرە شکستی هێناوە و پەلەقاژەی دوا ئەڵقەی ئەو پڕۆسەیە ئەکەن.

پێنج مانگ مانەوەمان لەدەرەوەی هۆڵەکانی خوێندن بەبێ وەڵامێکی دڵنیا و باوەڕپێهێنەر، لە بێ منەتیی ئەواندا، ئێمەش مکوڕ و سوورتر ئەکات لەسەر ڕەوایەتیی و بەردەوامیی هەڵوێستەکانمان.

مامۆستایانی بەهەڵوێست؛
دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی هەرێم، بە هێشتنەوەی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان وەك کاڵایەك، ئەیانەوێت یاریی بە پرسی بایکۆتی مامۆستایان بکەن، لەلایەك وەرزی یەکەم تەبا و کۆكن لەگەڵیدا، لە لە لایەکیتر لەوەرزی دووەمدا بە بێ دەسکەوت هەموو ڕێگایەك ئەگرنە بەر بۆ شکاندنی!

پرسیار ئەمەیە؛ کە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەبری فشارەکانیان لە مامۆستایان و فەرمانبەران بۆچی وەك ئێمە فشار لە دەسەڵات ناکەن بۆ جێبەجێکردنی مافەکانمان؟!

بۆیە ئێمە وەك دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایان لە پارێزگای هەڵەبجە ڕای ئەگەیەنین؛

۱ـ سەرباری گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی یاسایی بۆ بەرگرییکردن لە ئیجرائاتی غیابی مامۆستایان و فەرمانبەران، زۆر بێ منەتین لە غیابدانمان، ئامادەین شان بدەین ژێر باری ئەم بەرپرسیارێتییە و ئامادە نین بە بێ دەسکەوت بچینەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن!

۲ـ داوا لە بەڕێوەبەرە بەڕێزەکان ئەکەین نەچنە ژێر باری هیچ فشارێك، تا ئێستا چۆن مەردانە پشتگیر و قەڵای پشتی مامۆستایان بوون، بەردەوام بن، بارودۆخی خۆیان و مامۆستایان لە بەرچاو بگرن.

۳ـ باوکان و دایکانی بەڕێز دڵنیا ئەکەینەوە، کە ئێمەش بۆ خۆمان خاوەنی مناڵین و قوتابی و خوێندکارمان لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەیە، ئەوانەی فشار ئەکەن ئەگەر دڵسۆزی نەفەوتانی ساڵی خوێندنن، فەرموو مافەکانی باوك و دایك کەسوکاری خوێندکاران نەخۆن، گەندەڵیی و یاساشکێنیی و ملهوڕیی ڕاگرن!

خوێندن بەم پەلەپەل و بەم ڕێکارە چەواشەکارانە، لەگەڵ(عدم رسوب) پەڕینەوە هیچ جیاوازییەکی نییە!

٤- داوا لەو ڕێژە کەمەی مامۆستایان ئەکەین کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەندێ شار گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، بگەڕێنەوە ڕیزی هاوپیشەکانیان تا گەیشتن بە ئامانج!

٥- بۆ پێداگریی لە بایکۆت و خەباتە ڕەواکەمان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی شوبات، خۆپیشاندانی بەرفراوانی پشت بەستوو بە بەشداریی فەرمانبەران و خانەنشینان و کاسبکاران و کەسوکاری خوێندکاران ئەنجام ئەدەین.

لەکۆتاییدا بە ورەیەکی پۆڵایینەوە ئەڵێین: بایکۆت بەردەوامە تا گەیشتن بە ئامانج

دەستەی داکۆکیی لەمافی مامۆستایان
٦ی شوباتی٢٠٢٤ پارێزگای هەڵەبجە

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close