
بایدن خۆی بۆ كشانەوە لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئامادە دەكات
گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی لە ترەمپی ناباتەوە
” كامالا هاریسی جێگری بەهێزترین كاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی”
باسک نێت
رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی لەزاری كەسانی نزیك لە جۆ بایدن, سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە, بایدن دەزانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانێت سەربكەوێت, رەنگە بەناچاری لە كێبڕكێكە بكشێتەوە.
نزیكەكانی بایدن ئاماژەیان بەوەكردووە: خەریكە خۆی لەگەڵ ئەو بیرۆكەیە دەگونجێنێت و ئاسایی دەبێت بەلایەوە, بەوەی ناتوانێت كێبڕكێكە لە دۆناڵد ترمەمپ بباتەوە.
یەكێك لە سەرچاوەكان وتویەتی: شتێكی كتوپڕنابێت ئەگەر بایدن بەمنزیكانە كشانەوەی خۆی رابگەیەنێت و, كامالا هاریسی جێگری وەك جێگرەوەی خۆی بۆ كێبڕكێكردن لەگەڵ ترەمپ پێشكەش بكات, هاوكات سەرچاوەیەكی تر جەختیكردووە, سەرۆك تائێستا هیچ بڕیارێكی كۆتایی لەو بارەیەوە نەداوە.
پێشتر پێگەی “ئەكسیۆس”ی ئەمریكی بڵاویكردەوە, رەنگە بایدن لە رۆژانی (20و21) ئەم مانگە كشانەوەی خۆی لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا رابگەیەنێت, بەهۆی هەڵشكانی فشارەكانی سەری, لەلایەن سەركردەكانی كۆنگرێس و ئەندامانی دیموكراتەكان و هاوڕێكانی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا, رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویكردووەتەوە, كامالا هاریس بە دیارترین كاندید دادەنرێت بۆ جێگرتنەوەی بایدن, ئەگەر لە كێبڕكێی هەڵبژاردن بكێشتەوە.
بەگوێرەی راپرسیەك كە گۆڤاری “ئیكۆنۆمیست” و كۆكپانیای راپرسی “یۆگۆف” ئەنجامیاندا, (73%) لایەنگرانی دیموراتەكان پێیانوایە, پێویستە كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان بێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا, كە بڕیارە لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.