بزووتنهوهی ئیسلامیرابــهری گشتیعێراقكوردستانهەواڵ
ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرپەرشتی ڕابەری گشتی کۆبووەوە
ئەمڕۆ سێ شەممە بەرواری ٣/١/١٤٤٦ بەرامبەر ٩/٧/٢٠٢٤زاینی، ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرپەرشتی بەڕێز مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لەشاری سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و ئەنجومەن ئاشکرایکرد، دۆخی عێراق و ناوچەکە ئاڵۆزە و لە چەند ساڵی ڕابردوو گرفتە کەڵەکەبووەکان و نەتوانراوە چارەسەر بکرێن و جەختیلەوەش کردەوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و پێویستە بەرژەوەندی عێراقییەکان بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکان، تاکو سیادەی عێراق بپارێزن لە هەر تەنگژە و ئاڵۆزییەکی ناوخۆیی و دەرەکی.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە ئەنجومەنی شورا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێویستە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دۆخی هەرێمی کوردستان ئاساییتر بکرێتەوە و داواشیکرد هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەشێوەیەک لایەنەکان سازانی نیشتمان لەسەر پرسەکە بکەن.
هاوکات بە ئامادەبوونی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ ئەو پرسە تاوتوێکران و بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەزگاکە بزووتنەوەی ئیسلامی ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان و داواش دەکات سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی باسک بە پەرۆشەوە کار بۆ پڕۆسەکە بکەن.
هاوکات ئەنجومەنی شوار بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە ئاساییکردنەوە و لێکنزیکبوونەوەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا و هیوای خواست ڕێکەوتنەکانن ببنە هۆکاری باشترکردنی ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ڕاپۆرتی سەرجەم ئۆرگانەکان تاوتوێ کرا و ڕێنمایی و پلان و ڕاسپاردەی پێویستی لەبارەوە درا.