
سوپای ئیسرائیل پلانی فراوانكردنی هێرشەكانی بۆ سەر لوبنان پەسەندكرد, ئەوەش لەكاتێكدایە, ئەمریكا هۆشداریداوە لە هەڵگیرساندنی جەنگێكی ئیقلیمی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: گەورە بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل, هەڵسەنگاندنێكی هاوبەشیان بۆ دۆخی سەركردایەتی باكور ئەنجامداوە, لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی دۆخەكەو, پلانی پرۆسە سەربازییەكانی پەسەندكردووە لەبارەی هێرشەكانی بۆ سەر لوبنان, بڕیاڕی تایبەتیشی داوە لەبارەی پەلەكردن لە ئامادەكردنی هێزەكان لە گۆڕەپان.
ئەو راگەیاندنە نوێیەی ئیسرائیل, دوای سەردانەكەی ئاموس هۆكستین, نێردەی تایبەتی ئەمریكا دێت بۆ ئیسرائیل و لوبنان, لە هەوڵێكدا بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە, دوای هەڵكشانی ئاڵۆزییەكانی لەناوچە سنورییەكانی باشوری لوبنان و باكوری ئیسرائیل لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی
.
هاوكات, دوای هەڕەشەكانی حزبوڵا بە كردنە ئامانجی بەندەری حەیفا لە ئیسرائیل, یسرائییل كاتس, وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: زۆر نزیكبوینەتەوە لە بڕیاردان لەبارەی گۆڕینی رێسای یاریكە لەگەڵ حزبوڵاو لوبنان, لەجەنگێكی سەرتاسەریدا, حزبوڵا بەتەواوی لەناو دەبرێت و زیانی گەورەش بە لوبنان دەیەگەنرێت.