جیهانهەواڵ

ئۆکرانیا: سێ شارمان ئازادکرد

حکومەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، “گەورەترین سەرکەوتن”ـیان لە دژەهێرشەکانی هەفتەی رابردوو لە میحوەرەکانی باشووری وڵات تۆمارکردووە.

دوای چەند رۆژ بێدەنگی لەبارەی هێرشی سوپای ئۆکرانیا لە میحوەرەکانی باشوورەوە، رۆژی دووشەممە 5ـی ئەیلول، بەرپرسانی ئەو وڵاتە وێنەی هەڵکردنی ئاڵای ئۆکرانیایان لەسەر باڵەخانەیەکی یەک لە شارەکانی پارێزگای خارسۆن بڵاوکردەوە. ئەو پارێزگایە، دەکەوێتە باشووری ئۆکرانیا و هەر لە رۆژە سەرەتاییەکانی شەڕەوە لەلایەن سوپای رووسیاوە کۆنترۆڵکرا.

گوایە ئەو شارە، “ڤیسۆکۆپۆلیا”ـیە کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای خارسۆن.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی 4ـی ئەیلول لە پەیامێکدا کە ئاراستەی خەڵکی کردبوو، باسی لە ئازادکردنی دوو شار، یەک لە باشوور و یەکی دیکە لە رۆژهەڵاتی وڵات کردبوو.

حکومەت و سوپای ئۆکرانیا تا ئێستا ئامار و زانیاری وردیان لەبارەی دژەهێرشەکانی هێزەکانیان بڵاونەکردووەتەوە و رێگە بە رۆژنامەنووسانیش نادەن سەردانی ئەو ناوچانە بکەن. ئەوان دەڵێن: ئامانجمان لەو نهێنیپارێزییە، پاراستنی تەکنیکی کتوپرێ و لەناکاوی لە شەڕدایە.

هاوکات وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاندووە، هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیای لە بەرەکانی باشوور، وەڵامداوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی رووسی “تاس”، ئاشکرایکردووە “بەهۆی دۆخی ئەمنی، پرسی بەڕێوەچوونی راپرسیی لکاندنی خارسۆن بە رووسیا، بۆ ماوەیەک هەڵپەسێردراوە.”

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close