
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، بەهۆی گرانی نرخی سوتەمەنی و ئالیکەوە لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت، بەڵام بەهۆی بونی مریشکی بەستوی هاوردە لە بازاڕەکاندا ناچارن کە کیلۆیەک بە هەزار دینار زەرەر بفرۆشنەوە، دهشڵێت، “کێشەی گەورەمان هەیە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە نوێنەری خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان سهردانی نوسینگهی سلێمانی پەرلەمانی کوردستانیان كرد، دوای كۆوبنهوهكه عوسمان سێدەری، ئهندامی پهرلهمانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگهیاند، داوای لە حکومەتی هەرێمی كوردستان کرد کە ڕێگە لە هاوردەکردنی مریشی بەستو بگرێت، کە هەرچەندە بە بڕیارێک هاوردەکردن مریشکی بەستو ڕاگیراوە، بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا مریشکی بەستو بەشێوەیەکی بەرچاو بونی هەیە.
ئاماژهی بهوهشكرد، بەهۆی گرانبونی نرخی پێداویستییەکان و لەنێویشیاندا پێداویستییەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان وایکردوە بارگرانییەکی زۆر بکەوێتە سەر شانی خاوەن کێڵگەکان، بۆیە یاداشتەکەی خاوەن کێڵگەکان دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی چارەسەرێک هاوسەنگی وا بدۆزنەوە، کە خاوەن کێڵگەکان مافەکانیان بەدەستبێن و توشی زەرەرنەبن و نرخەکانیش لەسەر هاوڵاتیان گران نەبن.
باسی لەوەشکرد، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ چارەسەرێکی و بەپەلە و گونجاو بدۆزنەوە و داواکاری خاوەن کێڵگەکان بۆ کەمکردنەوەی گومرگ یان لابردنی تەواوەتی گومرگ لەسەر پێداویستییەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان، هەر لە عەلەف و سوتەمەنییەوە جێبەجێ بکرێت، کە ئەوەش هەم له بەرژەوەندی هاوڵاتیانە کە نرخەکانیان لەسەر گران نابێت و خاوەنکێڵگەکانیش توشی زەرەری زیاتر نەبن.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، کێشەی گەورەمان هەیە کە خۆی لە گرانی نرخی ئالیک و سوتەمەنی، بونی مریشکی بەستوی هاوردە لە بازاڕەکاندا و کێشەی بە بازاڕکردن، ساغنەبونەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا دەبینێتەوە.
ئهوهشی خستهڕو، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت، بەڵام ئەان بە هەزار و 900 دینار بۆ دو هەزار دینار دەیفرۆشنەوە کە ئەوەش زیانێکی گەورەی ڕوبەڕوی خاوەن کێڵگەکان کردوەتەوە و زیانی نزیکەی 80 ملیار دینار بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتوە، خاوەن کێڵگە هەیە لە ناچاریدا خانو و ئۆتۆمبێلی خۆی فرۆشتوە و ئەگەر بارودۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت دەبێتە هۆی دروستبونی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی .
رونیشیكردهوه، کەرتی بەخێوکردنی پەلەوەر و کێڵگە پەلەوەرییەکان تاکە کەرتە لە سەرانسەری عێراقدا، کە پێشکەوتنی بەرچاو زۆر باشی بەخۆوە بینیوه و توانراوە بەهۆی ئەو کێڵگە پەلەوەریانەوە 400-500 هەزار هەلی کاری بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێندرێت و ئەگەر کێڵگە پەلەوەرییەکان لەناو بچێت ئەوە ئەو کەسانەش بێکار دەبن و دوبارە دەبنە بارگرانییەکی دیکە بەسەر شانی حکومەتەوە.