
ئەو تۆمەتبارەی دوو ماركێتی بڕیبوو و 10 ملیۆن و 350 هەزار دیناری دزیبوو، دەستگیركرا پۆلیس دەڵێت دانی بەتاوانەكەیداناوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كرد تیمەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تیمێكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە كە لە ماوەی 2 كاتژمێردا كەسێكیان بە ناوی (ك.ح.س) بە تۆمەتی بڕینی دوو ماركێت دەستگیركردووە.
ئەوەش دوای ئەوەهاتووە كە “پاش ئاگاداركردنەوەیان لە بڕینی دوو ماركێت، یەكێكیان لە گەڕەكی دۆلاراوە و ئەوەی تریش لە گەڕەكی سەربەستی 32ی پارك” بووە.
بە گوێرەی وتەی پۆلیس ئەو كەسەی ماركێتەكانی بڕیوە “هەڵساوە بە دزینی بڕی 8 ملیۆن و 150 هەزار دینار و دزینی كارتی مۆبایل بە بڕی دوو ملیۆن دینار و هەروەها بردنی كۆمەڵێك كەلوپەلی ماركێتەكان بە بڕی 200 هەزار دینار، لە هەمان كاتیشدا جامی دوو ئۆتۆمبێلی شكاندووە”.
پۆلیس رووینشیكردووەتەوە تۆمەتبارەكە دانی ناوە بە تاوانەكەیدا و بەپێی ماددەكانی (443) و (444) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و رادەستی دادگا كراوە.
