
بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەفغانستان سبەی گەورەترین وێستگەی کارەبا لە ئەفغانستان دەکرێتەوە، کە توانای 10 هەزار مێگاواتە بە تێچووی 10 ملیار دۆلار. ئەم وێستگەی کارەبایە نەک تەنها پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین دەکات، بەڵکو ئەفغانستانیش دەگۆڕێت بۆ وڵاتێکی هەناردەکاری وزە.
لەمبارەیەوە وەزارەتی وزە و ئاوی ئەفغانستان گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆکرد بۆ بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی 10 هەزار مێگاوات کارەبا، کە بەهای پڕۆژەکە 10 ملیار دۆلارە.
حکومەتی تاڵیبان دەیەوێت، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، لە ماوەی 7 تاوەکو 10 ساڵی داهاتوو، بە سوودبینین لە گاز، خەڵووز، ئاو، با و وزەی خۆر، لە بواری کارەبادا بگاتە خۆبژێوی و بتوانێت هەناردەشی بکات.
گرێبەستەکە لە کابوول بە ئامادەبوونی مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری لەگەڵ کۆمپانیای عەزیزی، واژۆکرا.
مەلا عەبدوللەتیف مەنسوور، وەزیری وزە و میروەیس عەزیزی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی عەزیزی، گرێبەستەکەیان واژۆکرد، کە بەرپرسان وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە کەرتی وزەی وڵاتەکەدا پێناسەی دەکەن.
لە رێوڕەسمەکەدا، وەزیر مەنسوور واژۆکردنەکەی بە “رۆژێکی مێژوویی” بۆ ئەفغانستان و “دەستکەوتێکی گرنگ” بۆ وڵاتەکە ناو برد و گوتی، حکومەتی تاڵیبان لەدوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات هەوڵێکی زۆری داوە بۆ راکێشانی وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی وزە و خۆشگوزەرانیی گشتیدا.
مەنسوور جەختی لەوە کردەوە کە میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان پابەندە بە دابینکردنی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان، داواشی لە کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد، کە سوود لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە ئەفغانستاندا ببینن.
هاوکات سەرۆکی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکە ئاماژەی بە توانای بەکارنەهێنراوی وزەی وڵاتەکە کرد و باسی لە سەرچاوە سرووشتییە هەمەجۆرەکانی کرد. میروەیس عەزیزی گوتی: “ئێستا کە دوای دەیان ساڵ لە ململانێ ئاسایشی سەرتاسەری دابینکراوە، کاتی ئەوە هاتووە دەست لەنێو دەست بکەین و ئەفغانستان بکەینە وڵاتێکی خۆبژێو و رکابەر.”
وەبەرهێنەرەکە داوای لە وەبەرهێنەرانی نێوخۆ و دەرەوە کرد کە لە رێگەی دروستکردنی هەلی کار و پشتیوانیکردنی گەشەی ژێرخانەوە، بەشداری لە پەرەپێدانی ئەفغانستاندا بکەن.
بە وتەی عەزیزی، کۆمپانیاکە پلانی هەیە لە پارێزگا جیاوازەکاندا کارەبا لە سەرچاوەکانی گاز، خەڵووز، ئاو، با و خۆر بەرهەمبهێنێت. پڕۆژەکە ئامانجی ئەوەیە لە ماوەی 7 بۆ 10 ساڵدا بگاتە خۆبژێویی تەواوەتی لە وزەدا و ئەگەری هەناردەکردنی کارەباشی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
لە کۆی 10 هەزار مێگاواتەکە، 4 هەزار مێگاواتی بۆ بەکاربردنی گشتی و 6 هەزار مێگاواتیشی بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی تەرخان دەکرێت، ئەمەش رێگە بۆ دامەزراندنی هەزاران کارگەی نوێ و هەلی کار خۆش دەکات، هاوکات داهاتی نێوخۆییش بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
باسک نێت



