عێراقهەواڵ

حەشدی شەعبی وەڵامی وەزارەتی ناوخۆ و دژەتیرۆری کوردستانی دایەوە

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی موسڵی حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە کاردانەوە خێراکانی رووداوی بە ئامانجگرتنی هەولێر سەریان سوڕماوە و دەشڵێت، ئەو ناوچەیەى موشەکەکانى لێوە ئاراستەى هەولێر کراوە ناوچەیەکى هاوبەشى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق و حەشدى شەعبییە.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی موسڵی حەشدی شەعبی راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی هەولێرەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “بەدواداچوونمان بۆ ئەو لێدوان و هەڵویستانە کردووە، کە لەبارەى بەئامانجگرتنى شارى هەولێر بە موشەک خراوەتەڕوو و لە کاردانەوە خێراکانی پاش رووداوەکە سەرمان سوڕماوە.”

ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەو ناوچەیەى موشەکەکانى لێوە ئاراستەى شارى هەولێر کراوە ناوچەیەکی چۆڵکراوە و ناوچەیەکى هاوبەشى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى شەبەکە.”

باس لەوەشکراوە، “لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستى پێکردووە و بەپشتبەستن بە کامێراکانى چاودێرى هەوڵ دەدرێت لە چۆنیەتى هاتنى ئەو بارهەڵگرە موشەکە بدۆزرێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە.”

ئاماژە بەوەشکراوە، “فەرمانمان کردووە بۆ گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی موشەکەکانیان هاویشتووە و ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکانی لێوەهاتووە و ئەو لایەنەشی دەستی بەسەر ناوچەکەشدا گرتووە و لەداهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان رادەگەیەنین.”

شەوی رابردوو، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، شەش موشەک لە سنورى پارێزگاى موسڵەوە ئاراستەى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر کراوە و هیچ زیانێکى گیانى و ماددییان نەبووە و چوار لە موشەکەکان تەقیون و دووانیشیان نەتەقیونەتەوە و دژەتیرۆری کوردستانیش رایگەیاند، موشەکەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستە کراون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close