كوردستانهەواڵ

وەزیری پەروەردەی هەرێم: باشترین بژاردە ئەوەیە بۆ ماوەیەک دەستپێکی خوێندن دوابخەین

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا باشترین بژاردە ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن لە هەرێم دوابخەن.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە وتارێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەک ئاگادارن، جیهان تا ئەم کاتەش گیرۆدەی بڵاوبوونەوەی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، یەکێک لەو گرفتە سەرەکییانەی کە ڕووبەرووی بەشی زۆری وڵاتان دەبێتەوە، چۆنیەتی بەردەوامییدانە بە پرۆسەی خوێندن، ئەمڕۆش لە هەموو کات زیاتر پرۆسەکە وابەستەی ڕێنوێنییە تەندروستییەکانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان بە ژێرخانی پەروەردەیی و لێکەوتەی ئەم بارە ساخڵەمییەی تێدایە، جیاوازی لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتانی دیکە هەیە. هەر بۆیە بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەی دەوام تەنیا چەند نووسینی دێڕێک نییە لەسەر کاغەزێک، بەڵکو وردپێووی و توێژینەوەی فرەلایەنی ، لە هەر هەنگاوێکی کە دەنرێت، پێویستە.

دەشڵێت، “ڕۆژانە بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا کەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە؟ بەدیدی خۆم باشترین بژاردە ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن دوابخەین بەئومێدی کەمبوونەوەی ئاستی کاریگەری ئەم پەتایە، بەڵام لە هەموو شت گرنگتریش دیسانەوە بەردەوامی «پرۆسەی خوێندن»ـە”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەگوێرەی «سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتی و خوێندنگە ئامادەییەکان»ی ساڵی 2009، وەزارەت دەسەڵاتی هەیە کە لە پاش ناوەڕاستی مانگی نۆی هەموو ساڵێک دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکاتەوە، بەڵام دەستپێکی خوێندنی ساڵی نوێ لەبەر ئەوەی ڕەهەندێکی تەندروستی هەیە، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دەستپێک یان دواخستن یان هەر شێوازێکی دیکەی بەردەوامی پرۆسەکە دەدرێت.

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، “بڕیارە سبەی یەکشەممە 30/08 کۆبوونەوەی  لیژنەی وەزاری بە ئامادەبوونی بەندە و بەڕێزان وەزیرانی تەندروستی و خوێندنی باڵا و ناوخۆ و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەڕێوەبچێت، مەبەستی ئەم دیدارەش ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیارێکە لە بارەی ساڵی نوێی خوێندن لەسەر بنەمای پێشنیاز و هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی”.

هەر ئەمڕۆش ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی ‏كوردستان بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنی دەوام لە ساڵی نوێی خوێندن ‏کۆبووەوە و دوای چەند کاژێرێک کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەت پێشنیازیکردووە بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 سیستمی خوێندنی ئاوێتە پەیڕەوبکرێت و پێشنیازیشکراوە سەرەتای مانگی 10 خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێبکاتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close