عێراقهەواڵ

هیشام هاشمی شاره‌زا و توێژه‌ره‌وه‌ی بواری گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان تیرۆر كرا

شاره‌زا و توێژه‌ره‌وه‌ی بواری هزری توندڕه‌وی و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان، هیشام هاشمی له‌ ناوچه‌ی زه‌یونه‌ی به‌غدا درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌ و تیرۆر كرا.

به‌ گوێره‌ی زانیاری میدیای عێراقی چه‌كداره‌كان به‌ دوو ماتۆڕسكیل ته‌قه‌یان له‌ هاشمی كردووه‌ له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌ی زه‌یونه‌ و به‌ سه‌ختی پێكاویانه‌ و دوای گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن نه‌فیسی به‌غدا به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كانییه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

له‌و باره‌یه‌وه‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، لیوا سه‌عد معن هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، “له‌ ئاكامی په‌لامارێكی چه‌كداری، هاشمی شه‌هید بووه‌”.

ژیاننامه‌ی هاشمی

هاشمی له‌ دایكبووی  ساڵی 1973ی شاری به‌غدا بوو. خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رێكخراوی داعش و میلیشیا هاوشێوه‌كانی. له‌ 1997ه‌وه‌ چاودێری گرووپ و ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كانی عێراقی كردبوو.

هه‌روه‌ها شاره‌زا بوو له‌ به‌دواداچوون و ساغكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پووری فیقهی و شاره‌زای بواری فه‌رمووده‌ناسی بوو.

* به‌كالۆریۆسی له‌ كارگێڕی و ئابووری هه‌بوو.

* مۆڵه‌تی زانستی له‌ بواری فه‌رمووده‌ناسی پێ به‌خشرابوو.

* له‌ لایه‌ن حكومه‌ت به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوو و ساڵی 2002 ئازاد كرابوو.

* له‌ 2003ه‌وه‌ سه‌رقاڵی كاری رۆژنامه‌نووسی بوو. وه‌ك هه‌واڵنێر و په‌یامێر بۆ چه‌ندین رۆژنامه‌ و كه‌ناڵی بیانی كاریكردووه‌.

* هاشمی به‌ یه‌كێك له‌وانه هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ په‌رده‌ی له‌ رووی به‌رپرسانی داعش له‌ عێراق و سووریا هه‌ڵماڵی و ناونیشان و پسپۆڕی و ئه‌ركی ئاشكرا كردن.

به‌رهه‌مه‌كانی:

كتێبی (عالم داعش).

* كتێبی (نبذة عن تاريخ القاعدة في العراق)

* كتێبی (تنظيم داعش من الداخل)

* زیاتر له‌ 500 وتار و بابه‌تی له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ عێراقی و بیانییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی ژیانیدا چه‌ندین پۆست و به‌رپرسیارێتی پێدراوه‌ له‌وانه‌:

* به‌ڕێوبه‌ری پرۆگرامی نیشتمانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بووه‌ له‌ سه‌نته‌ری ئاكد بۆ توێژینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان.

* راوێژكاری ئه‌منی روانگه‌ی ئازادییه‌ میدیاییه‌كانی عێراق بووه‌.

* راوێژكاری ئه‌منی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراق بووه‌.

* ئه‌ندامی تیمی راوێژكارانی لیژنه‌ی راپه‌ڕاندن و چاودێری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان بووه‌ له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران.

* ئه‌ندامی لیژنه‌ی زانستی كۆنگره‌ی به‌غدا بووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر.

* وانه‌بێژ بووه‌ بۆ مادده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ئه‌كادیمیای ئه‌منی.

* توێژه‌ری سه‌نته‌ری نه‌هره‌ین بووه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close