كوردستانهەواڵ

لە هه‌ڵه‌بجه‌ یادی شەهیدانی بۆردومانی کیمیایی سەردەشت بەرز ڕاگیرا

ئەمڕۆ لەمەزرای شەهیدان لەهەڵەبجە، كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە و تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، مەراسیمیکی تایبەت بە ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشتیان ڕێکخست.

هۆشمەند موراد، ئەندامی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، هاوخەمی هەڵەبجەی بۆ ئەو كارەساتە دوپاتکردەوە و وتی، بە ناوی هەڵەبجە و ٥ هەزار شەهیدەوە سڵاوی خۆڕاگری بۆ سەردەشتی خۆڕاگر و هاوئازارمان دەنێرین.

وتیشی: ئەو كات لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هیچ ڕێکارێک دژ بەو کارە نەگیرایە بەر بۆ ڕێگەگرتن لەوەستاندنی ڕژێمی سەدام لەكارە تاوانكارییەكانیدا، تائێستاش مەترسی بەكارهێنانی ئەو چەكە بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەدی دەكرێت، دەبێت جیهان ڕووبەڕووی ئەو ڕژێم و دەوڵەت و لایەنانە بێتەوە كە لەبەرهەمهێنان و بەكارهێنانی ئەو چەكەدا تێوەگلاون.

ئەوەشی وت: وەك كۆمەڵەكەمان شاری سەردەشتمان لەبیر نەكردوە، هەماهەنگیمیان كردوە لەگەڵ كۆمەڵەی بەرگری لەبریندارانی كیمیابارانی سەردەشت بۆ ئەوەی لەو دۆسیەی لەسەر كۆمپانیاكانی چەكی كیمیایی لەدادگای هەڵەبجە کردومانەتەوە، بەشداربن بۆ ئەوەی قوربانیانی شاری سەردەشتیش هەمەئاهەنگ و بەشداربن لە پرۆسەی بە دادگایی گەیاندنی ئەو کۆمپانیایانەی لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەردەشتدا کیمیاییان بە ڕژێمی بەعس فرۆشتووە.

ڕژێمی پێشووی عێراق بەچەكی قەدەغەكراوی كیمیایی لەڕۆژی ٢٨-٦-١٩٨٧ ژینگەی تەواویی شارەكەی ژەهراویكرد و بەهۆیەوە ١٣٠ كەس شەهید و ٨ هەزار كەسیش برینداربوون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close