كوردستانهەواڵ

ئاسایشی سلێمانی: لە ماوەی6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 180 کەس بە تۆمەتی بەکار‌هێنان و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 180 کەس بە تۆمەتی بەکار‌هێنان و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. بەو پێیە بێت رۆژانە کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیرکراوە.

بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەر ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیان زیاد دەکات، بە جۆرێک لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 180 كەس لەو پارێزگایە لەسەر  بەکارهێنان  و بازرگانی بە ماددە هۆشبەر دەستگیركراون.

عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی راگەیاند، سەرەڕای گرتنەبەری چەندین رێكاری تووند، بەرامبەر ئەو كەسانەی گیرۆدەی ماددە هۆشبەرن، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ، ژمارەی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەر زیاد دەكات ‌و دەڵێت: “تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە سنووری سلێمانی 180كەس لەسەر ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون، کە ژمارەیەك لەوانە لە رەگەزی مێن”. بەپێی ئەو ئامارە بێت رۆژانە کەسێک لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە.

بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، لە ئاسایشی سلێمانی دەڵێت لەناو ئەو كەسانەی ئەمساڵ گرتوویانن هەیانە پێشتر چوار جاری دیكە بە هەمان تۆمەت دەستگیركراوە . هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە زیندانیكردنی ئەو جۆرە كەسانە چارەسەر نییە‌ و گوتی: “یاسایەكی باش لە پەرلەمانی كوردستان پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكان دەرچووە كە بەكارهێنەر وەك نەخۆش ناوی هاتووە و دەبێت لە نەخۆشخانەیەكدا چارەسەر وەربگرێت، بەڵام تائێستا یاساكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ساڵی رابردوو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، 284 كەس لەسەر بەكارهێنان‌ و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەر دەستگیركراون کە 32یان لە رەگەزی مێن.

رۆژی 26ی حوزەیران هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دانراوە.  بەگوێرەی دوایین راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2017دا 271 ملیۆن کەس لە جیهاندا ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، کە دەکاتە 5.6%ی دانیشتووانی گۆی زەوی. دروشمی ئەمساڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەو رۆژە “زانیارییەکی باشتر بۆ چاودێرییەکی باشتر”ە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ساڵی 2019 بە بەراورد بە 2018، رێژەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق لەنێو گەنجاندا بەڕێژەی 5% زیادیکردووە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش لە عێراق رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی 2019 لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، چوار هەزار و 201 تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە زیاتر لە نیوەیان (دوو هەزار و 641) کەسیان سزادراوی ماددەی هۆشبەرن.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی (هەولێر، دهۆک، سۆران، ئاکرێ) بە تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی 2019، 651 کەس دەستگیرکراون، 235 تۆمەتبار سزادراون و 416 تۆمەتباریش کەیسەکانیان لە دادگایە.

بە گوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، مەترسیی ماددەی هۆشبەر بەجۆرێکە تاوەکو ساڵی 2018 دوو کەسی (ژن) ئالوودەبووی ماددە هۆشبەر نەبوون، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، بەڵام ئێستا لە زیندانی چاکسازی ژنانی هەولێر 32 ژنی ئاڵوودەبوو هەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close