عێراقهەواڵ

وەزارەتی دەرەوە داوادەکات تورکیا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەهۆی بەردەوامبوونی تورکیا لە “پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هێرشکردنە سەر ناوچە سنوورییەکانی” بۆ دووەمجار باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بانگدەکات و ئەمجارەیان یاداشتنامەیەکی ناڕەزایێتیی تووندی پێدا، داواش دەکات تورکیا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18-6-2020) بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ “زۆر بەتووندی ئیدانەی دووبارە هێرشکردنی هێزەکانی تورکیا دەکەین لە رۆژی 17ـی حوزەیران کە لەو هێرشەدا سەروەریی عێراق پێشێلکراوە”.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە “لەکاتێکدا بەتەواوی ئەو پێشێلکارییە رەتدەکەینەوە، کە پێچەوانەی رێککەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، جەختدەکەینەوە لە پێویستیی پابەندبوونی لایەنی تورکیا بە وەستاندنی هێرشەکانی و کێشاندنەوەی هێزەکانی کە دوێنێ بەشێکیان هاتوونەتە نێو خاکی عێراق و لە شوێنی مانەوەشیان لە سەربازگەی باشیک و شوێنەکانی دیکەش”.

لەماوەی تەنیا چوار رۆژدا، ئەمە دووجارە فاتح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگدەکرێت و ئەمڕۆ یاداشتانەمەیەکی تووندی پێدراوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای کردووە تورکیا چیدیکە ئەو کارە ئیستفزازییانە نەکات، داواشی لە حکومەتی تورکیا کردووە “گوێ لە دەنگی دانایی بگرێت و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێ”.

“عێراق مافی یاسایی هەیە هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر، کە بتوانێت سەرەوەری و سەلامەتیی گەلەکەی بپارێزێت، لەوانەش داواکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەوەی بەرپرسیاریێتی هەڵبگرن”.

لەماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی عێراق، یەکەمجارە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سنووریی هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی گەریلاکانی پەکەکە، بەو شێوەیە و لە ماوەیەکی کەمدا دووجار تورکیا لەڕێگەی باڵیۆزەکەیەوە هۆشداریی پێبدرێت.

تورکیا لە 14ـی ئەم مانگەوە دوو ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر “ئامانجەکانی پەکەکە” لە سنووری باشووری کوردستان دەستپێکردووە بەناوی چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ. چنگی هەڵۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بوو بۆ سەر چەند شوێنێکی مەخموور، شنگال و قەندیل. ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند لە ماوەی 36 كاتژمێری ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ 500 پێگەی پەكەكەیان كردووەتە ئامانج.

خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیاش گوتبووی “له‌ ئۆپەراسیۆنه‌كانمان دژی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close