عێراقهەواڵ

بۆ پۆستی وەزیری نەوتی عێراق 44 كەس خۆیان كاندید كردوه‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، 44 کەس خۆیان بۆ پۆستی وەزیری نەوتی عێراق کاندید کردووە.

عەبدولئەمیر مەیاحی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر بازنەی پارێزگای بەسرە بە ئاژانسی ھەواڵی مەعلومەی رایگەیاندووە، تائێستا 44 کەس خۆیان بۆ پۆستی وەزیری نەوتی عێراق کاندید کردووە، دوای دەنگدان لەنێو پەرلەمانتارانی پارێزگاکە سێ کەس بۆ پۆستەکە یەکلادەکەنەوە و ناوەکانیان راده‌ستی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ده‌كه‌ن.

پێشتر نوێنەرانی بەسرە لە پەرلەمان، هەڕەشەی بایکۆتکردنی دانیشتنی دەنگدان بە کابینەکەی کازمییان کردبوو، ئەگەر پۆستی وەزارەتی نەوت، پشکی پارێزگاکەیان نەبێت.

لەلایەكی دیكە و پەیوەست بە حكومەتی نوێی عێراق، نوری مالیكی سه‌رۆكی هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، هیوادارم كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی مستەفا کازمى، ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و پێشوه‌خته‌ بکات و كێشه‌ ئابوورییه‌كان و پێشێلكارییه‌ ئه‌منییه‌كان چارەسەر بکات.

مالیکی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان به‌شداری له‌ حكومه‌تێكدا ناكەن، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه‌ بێت، چونكه‌ كاریگه‌ری بۆ ‌سه‌ر سه‌قامگیری سیاسی دەبێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close