كوردستانهەواڵ

گەنجێك ئافرەتێك دەخنکێنێت و تەرمەکەی لە کارەبا دەدات

رۆژی 4-5-2020 ئاسایشی سلێمانی لە گوندێكی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەنجێكی دەستگیر كرد، كە ئافرەتێكی بە پەت خنكاندووە، دواتر تەرمەكەی لە كارەبا داوە، ئەمەش بۆ ئەوەی وای پیشان بدات، كە كارەبا گرتوویەتی.

بەپێی راگەیەنراوێكی بەشی پەیوەندییەكان ‌و راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ باسك نێت نێردراوە، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی (م.ج.ئا)، ئافرەتێکی تەمەن 29 ساڵی بە ناوی (گ.ح.ع) خنکاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش گەنجەکە تاوانەکەی لە ناو ماڵی ئافرەتەكەدا کردووە. سەرەتا بە پەت ئافرەتەكەی خنكاندووە، دواتر لە پێناوی شاردنەوەی تاوانەكە ‌و دڵنیابوونەوە لە كوشتنی، تەزووی كارەبای لە تەرمەكە داوە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەیەكی وردی ئاسایش دەركەوتووە: “كە سەرەتا ئافرەتەكە خنكێنراوە ‌و دواتریش تەزووی كارەبای لێدراوە”.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی ئاسایش رووداوەكە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە. تاوانەكەش لە گوندی “فەیاڵ”ی سەر بە شاری سلێمانی کراوە، ئێستاش گەنجەكە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزاکانی عێراقی دوای دانپێدانان بە كوشتنەكە، راگیراوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئاسایش ئەو گەنجە لە رۆژی چواری ئەم مانگە دەستگیرکراوە و رۆژێک دواتر دانی بە تاوانەکەدا ناوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close