بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، گەنجێكیان دەستگیركرد، كە گاڵتەی بەهێڵی گەرمی 122 كردووە ، دەشڵیت،” ئەو گەنجە گوایە لە ئێران هاتۆتەوە و هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە و پاش بەدەنگەوەچوونی كارمەندانی تەندروستی،پەیوەندی پێوەدەكەنەوە هەمان كەس خۆی كردووە بە ژن”.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كەوێنەیەكی دەست باسك نێت كەوتووە ڕایگەیاندووە، لە لایەن هێزەكانیانەوە گەنجێكیان دەستگیركرد، كە گاڵتەی بەهێڵی گەرمی 122 كردووە.
ڕاشیگەیاندووە، شەوی 24ی ئەم مانگە گەنجێكی دانیشتووی دوكان پەیوەندی بەهێڵی گەرمی تەندروستی ژمارە 122 وە كردووە ، كە گوایە لە ئێران هاتۆتەوە و هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە و پاش بەدەنگەوەچوونی كارمەندانی تەندروستی و كە پەیوەندی پێوەدەكەنەوە هەمان كەس خۆی كردووە بە ژن.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژەبەوەكراوە، دوای ئاگاداركردنەوەی ئاسایش لەلایەن هێڵی گەرمی 122 و بە بڕیاری دادوەر كەسی ناوبراو دەستگیركرا بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و پەشیمانی دەربڕیوە و داوای لێبوردنی لەكارمەندانی تەندروستی كرد و داوایكردووە كەس ئەو كارە قێزەوەنە دووبارە نەكاتەوە.