پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی لەبارەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆوە لەناو شارەکان هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و دەڵێت، هەرکەسێک پێشێلی قەغەی هاتوچۆ بکات ئۆتۆمبیلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا پارێزگاری هەولێر بڵاویکردوەتەوە، “ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی شاری هەولێر دەکەنەوە کە بە هیچ جۆرێک لە ماڵەکانیان دەرنەچن و سەرپێچی لە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی وەزارەتی ناوخۆ نەکەن”.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، “هەر هاوڵاتییەک بە ئۆتۆمبێلەکەی بێتە دەرەوە دووچاری سزا و رێکاری یاسایی دەبێتەوە و ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “تاوەکو ئێستا تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە هۆی سەرپێچی لە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ، دەستیان بەسەر حەوت ئۆتۆمبێلدا گرتووە”.
شەوی 13/3/2020 وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا بە قەدەغەی هاتوچۆ لەناو شاری هەولێر و سلێمانی. وەک یەکێک لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە تائێستا 28 حاڵەت لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و 17 حاڵەتی لە شاری سلێمانی و 9 حاڵەت لە هەولێر و حاڵەتێکیش لە پارێزگای هەڵەبجە.