كوردستانهەواڵ

بزووتنەوەی ئیسلامی: حزبەکانی دەسەڵات بەری رەنجی راپەڕینیان بۆخۆیان قۆرخکردووە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ی ئازاری ۲۰۲۰، د. عبداللە وەرتی، بەبۆنەی یادەکانی راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: راپەڕین جگە لە یادەوەریەک هیچ شتێکی تری بۆ نەماوەتەوەو ساڵ لە دوای ساڵیش بایەخ و گرنگی ئەم بۆنە نەتەوەییە کاڵ دەبێتەوەو حزبەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستانیش لەبەر ئەوەی بە ئامانجەکانی خۆیان گەیشتوون کە پلەو پۆست و پارەو مەنسەب و کۆشک و تەلارە مەگەر بۆ زاخاوی مێشک ئەگینا بەلای بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان داناڕۆن.

وتیشی: “ئێمە وەک بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە دەیان شەهیدمان داوە لە ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ کە چی خانەوادەی شەهیدەکانمان بێ بەشترین کەسوکاری شەهیدانن و تا ئێستا زۆربەیان زەویی و مووچەیەکی شاییستەیان پێنەدراوە، بۆیە ناعەدالەتییە کە جیاوازی لەنێوان شەهیدەکانی خۆیان و لایەنەکانی تردا دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە دەسەڵات بەهۆی زوڵم و نادادپەروەری وای لە زربەیخەڵکی کوردستان کردووە پەشیمان بن لەوەی کە راپەڕینیان ئەنجامداوە، چونکە پێیان وایە بەری رەنجو خەباتی ئەوان لەلایەن چەند کەسو گروپێکەوە دزراوە، بۆیە دەبێت حزبەکانی دەسەڵات واز لەو نادادپەروەری و قۆرخکارییە بێنن کە چەندین ساڵە ئەنجامی دەدەن.

لە کۆتاییدا راشیگەیاند: یادەکانی راپەڕین لە هەموو کەسێکی نیشتمان پەروەرو خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان پیرۆز بێت و جێگەی خۆیەتی دەسەڵات بێتەوە هۆش خۆی و واز لە درۆشم بازی بێنن و بەکردەیی ئاوڕ بدەنەوە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی راپەڕین و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نیشتمانی و نەتەوەیی و سزادانی ئەوانەی کە بەری رەنجی خەڵکی کوردستانیان بۆ خۆیان دزیوەو ماوەی ۳۰ ساڵە لە گەندەڵی و فەسادی تێوەگڵاون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close