جیهانهەواڵ

ئەمریکا و بزوتنەوەى تاڵیبان رێکەوتنى ئاشتییان ئیمزا کرد

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و بزوتنەوەى تاڵیبان لە دەوحەى پایتەختى قەتەر ڕێکەوتننامەى ئاشتى نێوانیان ئیمزا کرد، لە ماوەى ١٤ مانگیشدا سەربازانى ئەمریکا خاکى ئەفغانستان بەجێدەهێڵن.

 

 لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونى نوێنەرى ١٨ وڵات کە لە نێوانیاندا وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا و پاکستان و تورکیا و قەتەر و چوار ڕیکخراوى نیودەوڵەتى هەبوون، بزوتنەوەى تاڵیبانى ئەفغانستان و ئەمریکا بەبێ ئامادەبوونى نوینەرى حکومەتى کابوڵ ئیمزایان لەسەر ڕیکەوتننامەیەک کرد بۆ کۆتایى هێنان بە درێژترین شەڕى ئەمریکا و گەڕانەوەى هیوا بۆ بنیاتنانەوەى ئەفغانستان و دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێ لە ژیانى سیاسى لە وڵاتى ئەفغانستان.

شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان وەزیرى دەرەوەى قەتەر لە وتەیەکدا لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند، رێکەوتنى نێوان ئەمریکا و تاڵیبان هەنگاوی یەکەمە بۆ دەستەبەرکردنى ئاشتییەکى گشتگیر لە ئەفغانستان. داواشى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد رووبەرووى بەربەستەکانى بەردەم پرۆسەى ئاشتى لەو وڵاتە ببنەوە.

وتیشى، وڵاتەکەى هەوڵى زۆرى داوە بۆ ئەوەى رێکەوتنى ئاشتى لە ئەفغانستان ئیمزا بکرێت.

لاى خۆیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، کۆشکى سپى و تاڵیبان بۆ ماوەی چەند دەیەیەک شەڕى یەکتر و نەبوونى متمانە بە یەکتریان کرد، وتیشى بزوتنەوەى تاڵیبان سەلماندى کە دەتوانێت ئاشتى دەستەبەر بکات.

هاوکات سوپاشى وڵأتى قەتەریشى کرد لەو رۆڵەى کە لە ئیمزاکردنى ئەو ڕێکەوتنەدا بنیویەتى.

هاوکات مەلا عەبدولغەنى برادەر جێگرى سەرۆکى بزوتنەوەى تاڵیبان بۆ کاروبارى سیاسى لە وتەیەکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکات بەبۆنەى ئەو دەستکەوتەى کە ئەمڕۆ لە ئیمزاکردنى رێکەوتننامەى ئاشتیدا بەدەستهاتووە، وتیشى بزوتنەوەى تاڵیبان پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى ڕێکەوتنەکەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، گەلى ئەفغانستان ماوەى ٤٠ ساڵە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنێت، بۆیە ئێستا دەیانەوێت ژیانێکى نوێ و ئارام دەستپێبکەن.

وتیشى، بزوتنەوەى تاڵیبان پێى ناوەتە ناو قۆناغى کارى سیاسى و لاپەڕەیەکى نوێ لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هەڵدەداتەوە، ئیمزاکرنى ڕێکەوتنەکەشى بە دەستکەوتێکى مێژوویی لە قەڵەمدا.

لەلایەکى ترەوە بەر لە ئیمزاکردنى ڕێکەوتننامەکەى دەوحە، هەردوو حکومەتى ئەفغانستان و ئەمریکا لە بەیاننامەیەکى هاوبەشدا رایانگەیاند، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە ماوەى ١٤ مانگى داهاتوودا سەرجەم هێزەکانى لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە بەو مەرجەى بزوتنەوەى تاڵیبان پابەند بێت بە جێبەجێکردنى ریکەوتننامەى ئاشتى دەوحە.

بڕیاریشە ئەمریکا ژمارەى سەربازەکانى لە ئەفغانستان لە ماوەى ١٣٥ رۆژدا لە دواى ئیمزاکردنى ڕیکەوتننامەکە بۆ ٨ هەزار و ٦٠٠ سەرباز کەمبکاتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close