ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ
پەیامێک لە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە

پەیامێک لە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
٣٨ ساڵ لەمەوبەر هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا و هەزاران کەس لەژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی، مەرگەساتی هەڵەبجە برینێکی قوڵ و سارێژ نەکراوە لەمێژووی گەلی کوردستان دا، جێگای داخە کە تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار ئازار و ناسۆڕی کەسوکاری قوربانیەکانیان هەڵنەگرتووە و ئاوڕی جدیان نەداوەتەوە لە خواست و داخوازیەکانیان.
دوای ٣٨ ساڵ بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی تا ئێستاش هەر ئازار دەکێشن بەدەست برینەکانی جەستەیانەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەوپەڕی نیگەرانیەوە یادی هەزاران شەهیدی بێ تاوان و قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکاتەوە و ڕێزی قوڵی بۆ روحی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو قوربانیانی ڕێگای ئازادی هەیە، بەداخەوەین کە تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وە حکومەتی عێراقیش ئەم تاوانەیان بە جینۆساید نەناساندووە وە قەرەبوووی کەسوکاری قوربانیەکانیان نەکردووەتەوە، لە کاتێکدا زیانەکانی کوێت بەراورد ناکرێت بەزیانەکانی خەڵکی هەڵەبجە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە بودجەی نەوتی عێراق ٥٣ ملیار دۆلار قەرەبوو کرایەوە وە ئەوانەشی لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری عێراق کۆچیان کرد بۆ ناوچەی رەفحای سعودیا ئەوانیش هەموویان قەرەبوو کرانەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام بەداخەوە هەڵەبجە لەگەڵ ئەو هەمووە زیانە ماددیە و رووحیەی کە بەسەری هاتووە لەبەر ئەوەی بێ خاوەنە قەرەبوو نەکراوەتەوە، هەرچۆنێک بێت هەڵەبجە بۆ هەمیشەیی لە ویژدان و مێژووی گەلەکەمان و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەمێنێتەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی وەک هەمیشە خۆی بەخاوەنی ئەم خاک و قوربانیانە دەزانێت و بەڵێن دەدات کە لەسەنگەری مافە ڕەواکانی خەڵکی هەڵەبجە و کوردستان دا بمێنێتەوە و دژی هەموو چەوسانەوەیەک دەوەستێتەوە، مەرگەساتی هەڵەبجە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە لەسەر شکستی دیکتاتۆریەت و ستەمکاری، با ئەم یادە بکەینە هەوێنی یەکڕیزی و تەبایی و گەڕانەوە بۆ بەها مرۆیی و ئیسلامییەکان، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کردەیی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکەنەوە.
مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
١٦ی ٣ ی ٢٠٢٦
٢٧ ڕەمەزانی١٤٤٧ کۆچی




