
روانگەی سەوزی عێراق:
عێراق ساڵانە نزیكەی 150 هەزار تۆن پاشماوەی ئەلەكترۆنی هەیە
”
باسک نێت
روانگەی سەوزی عێراق هۆشداری دەدات لە هەڵكشانی قەیرانی پاشماوەی ئەلیکترۆنی لە عێراق و قەبارەکەی بە نزیکەی 150 هەزار تۆن ساڵانە مەزەندە دەکات، بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی نیشتمانی تایبەتمەند بۆ بەڕێوەبردنی پاشماوە ئەلیکترۆنییەكان، مەترسی لەسەر ژینگە و تەندروستی گشتی دروست دەکات.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی روانگەكە، بەغداد زۆرترین پشکی ئەم پاشەڕۆیەی هەیە، کە ساڵانە 60 بۆ 90 هەزار تۆنە، دوای ئەویش بەسرە دێت، بە نزیکەی 25 بۆ 40 هەزار تۆن.
روانگەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی ئەم پاشماوەیە لە زبڵدانی شارەوانییەکان فڕێدەدرێن یان بە شێوەیەکی هەڕەمەكی لە دەسوتێنرێت و هەڵدەوەشێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دەردانی سەدان مادەی کیمیایی ژەهراوی، وەکو رەساس و جیوەو کادمیۆم و دیۆکسینایت، کە هەوا و خاک و ئاو پیس دەکەن و مەترسییەکی بەرچاوی تەندروستی دروست دەکات، بەتایبەتی بۆ منداڵان.




