تەندروستیكوردستانهەواڵ

نەخۆشخانەیەکی 45 قەرەوێڵەیی بۆ توشبوانی کۆرۆنا لە دهۆک دەکرێتەوە

لە پارێزگای دهۆک یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە چاودێریکردن و پشکنینی توشبوانی کۆرۆنا کرایەوە، کە نەخۆشخانەیەکی 45 قەرەوێڵەییە و لە ماوەی نۆ رۆژدا لەسەر ئەرکی چەند لایەنێکی سنورەکە و خێرخوازان تەواوکراوە، هەمو ئەو کەسانەی گومانی توشبون بە پەتاکەیان لێدەکرێت بۆ 48 کاتژمێر لەناو نەخۆشخانەکەدا رادەگیرێن.

نزار عسمەت، بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆک لەکاتی کردنەوەی پرۆژەکەدا رایگەیاند، نەخۆشخانەی تایبەت بە توشبوانی کۆرۆنا دەبێتە هاوکارییەکی باش بۆ ئەو کەسانەی گومانی توشبون بەو پەتایەیان لێدەکرێت، چونکە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر لە نەخۆشخانەکەدا کەرەنتین دەکرێن.

نەخۆشخانەی تایبەت بە توشبوانی کۆرۆنا لە دهۆک جگە لە پێداویستییە تەندروستییەکان، لە هەر ژورێکدا تەلەفیزیۆن و هێڵی ئینتەرێتی تێدایە و یەکەیەکی تایبەتیش بۆ ئیدارەی نەخۆشخانەکە پێکهێنراوە و لە رۆژانی داهاتودا دەدرێتە دەست ژوری ئۆپراسیۆنەکانی دهۆک.

پەیوەست بەم بابەتەش فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، سوپاسی وەبەرهێنەرانی دهۆک دەکەن کە رۆڵیان لە کردنەوەی نەخۆشخانەکەدا هەبوە، لە ئێستاشدا کاری لە پێشینەی ئەوان جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و گەیاندنی هاوکارییە بە کەسانی کەمدەرامەت.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تا ئێستا 150 حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 56 کەسیان چاکبونەتەوە و دو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبوە.

خەندان

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close