
روانگەی ئیکۆی عێراق رایگەیاند، یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە ١٧٠.٩ تەن بە بەهای نزیکەی ٢٣.٦٤ ملیار دۆلار، کە بەرزترین ئاستە لە مێژووی وڵاتدا. روانگەکە هۆشداریش دەدات لە بەکارهێنانی ئەم یەدەگە بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی دارایی.
روانگەی ئیکۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ـدا نزیکەی ٨.٢ تەن زێڕی کڕیوە، بەمەش کۆی یەدەگەکانی گەیشتووەتە ١٧٠.٩ تەن.
ئەم زیادبوونە بە شێوەی خوارەوە دابەشکراوە: یەک تەن لە مانگی ئازار، ١.٦ تەن لە مانگی حوزەیران، ٣.١ تەن لە مانگی تەمموز، و ٢.٥ تەن لە مانگی ئابدا.
بە گوێرەی روانگەکە، یەدەگی ئێستای زێڕی عێراق کە ١٧٠.٩ تەنە، یەکسانە بە ٢٣.٦٤ ملیار دۆلار، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی یەدەگی زێڕە لە مێژووی عێراقدا.
روانگەی ئیکۆ-عێراق هۆشداری توندی داوە لە هەر جۆرە دەستکاریکردنێک یان فرۆشتنی بەشێک لە یەدەگی زێڕ بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی وڵات، جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم یەدەگە سەروەت و سامانێکی نیشتمانییە و بۆ سەقامگیری دارایی تەرخان کراوە، نەک بۆ بەدەستهێنانی داهاتی خێرا.
حکومەت ناتوانێت بەم یەدەگە سەروەرییە، کە بۆ سەقامگیری دارایی تەرخان کراوە، کورتهێنانی دارایی چارەسەر بکات و هاوڵاتیان لە بارودۆخێکی خراپی ئابوریدا جێدەهێڵێت.
باسک نێت




