
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی عێراق بکات
باسک نێت
دەشڵێت، بەدواداچوون بۆ بە قاچاغبردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەکەن.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکان، لەوانەش یاسای بودجەی گشتی، کە حکومەتی هەرێمى کوردستان پابەند دەکات بە ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانییەوە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە دەستبەجێ هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەقی یاسای بودجەی هەموارکراو نەوت رادەستی عێراق بکات، کە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەرچووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، رادەستنەکردنی نەوت زیانی دارایی بەرچاو بە عێراق دەگەیەنێت و ناوبانگی عێراق و پابەندبوونە نەوتییەکانی دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتەکە دەشڵێت، پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستوور و یاساوە بووەتە هۆی کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق و زیانی بە خەزێنەی گشتی گەیاندووە.
لە کۆتای راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەکەن، کە ئاماژە بە بەردەوامیی قاچاغی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەکەن و حکومەتی هەرێم لەو رووەوە بە بەرپرسیار دەزانن.




