
بەگوێرهى نوسراوێكی فەرمی بەڕێوەبەرێتی گشتی ژمێرکاریی لەوەزارەتی دارایی کە ئاراستەی بەڕێوەبەرێتی دیوانی وەزارەتی کردوە، داوایکردوە گشتاندنێک بکەن بۆ هەموو وەزارەتو فەرمانگەکانی حکومەت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری ژمێریایی تایبەت بۆ هەژمارکردنی سێ موچەی کۆتایی ساڵ لەسەر حسابێکی تایبەتی ژمێریاریی بەناوی “موچەی شایستەی خەرجنەکراو”، کە بەگوێرهى بنەما ژمیریاریەکان ئەم هەژمارە ئەو خەرجیانە دەگرێتەوە کە پێویستە خەرجبکرێن لەکاتی خۆیاندا، بەڵام بەهۆی هەر هۆکارێکەوەبێت لەکاتی خۆیدا خەرجنەکراونو دەمێنەوە بۆ دوای پاکتاوی ساڵو دەرکردنی میزانیەی کۆتایی ساڵ.
لەنوسراوەکەی بەڕێوەبەرێتی ژمیریاکاریدا وێڕای ئەوەی کە ئەو سێ موچەیە خراوەتەسەر هەژماری شایستە خەرجنەکراوەن، هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە بۆ گێرانەوەی ئەو موچانە بۆسەر هەژماری پێچەوانەو خەرجکردن، کە بەگوێرهى ڕێکارە داراییەکان، دەبێت قەیدێکی پێچەوانەی هەبێتو ئەو پارەیە بگەرێتەوە بۆسەر هەژماری موچەو وادەی خەرجکردنیشى دیاریی بکرێت.
حکومەتی هەرێم دوای چەندجارێک سەردانی وهفدهكانى بۆ بەغدا، سەرەنجام لەمانگی 9ى ئەمساڵدا بەڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی 2 ترلیۆنو 100 ملیاد دینار بەسێ گوژمە لەسێ بانکی عێراقی وەک قەرز وەربگرێتو موچەی سێ مانگی پێ دابەشبکات کە ئێستا لەڕۆژەکانی کۆتایی ساڵداین موچەی مانگی ئەیلول دابەشدەکرێتو دیارنییە ساڵی داهاتوو بەچ میکانیزمو ڕێگەیەکیش حکومەت ئەو قەرزانەی چۆن دەداتەوەو موچەی ساڵی داهاتوچ چۆن دابەشدەکات.




