ئەرشیفى بزووتنەوەرابــهری گشتینوسەران
گرنگیی سەردانەکەی ئەمجارەی ئەنقەرە جیاوازە

گرنگیی سەردانەکەی ئەمجارەی ئەنقەرە جیاوازە
لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتی تورکیا و لەسەر بانگهێشتی جێگری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، مامۆستا شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، لە ئەنقەرەیە.
ئەم بانگهێشت و دیدارانە گرنگی و ماهیەتی تایبەتی خۆیان هەیە؛ چونکە شێخ عیرفان عەبدولعەزیز لە زۆر پرسی هەستیاردا خاوەن هەڵوێست و قسەی تایبەتی خۆی بووە و مێژووی ڕابردووش ئەوەی سەلماندووە کە پێگەی خۆی و بنەماڵەکەی لە چاوی وڵاتانی دەرەوەدا بە گەورەیی سەیر دەکرێت. هەر بۆیە دوور نییە لەم قۆناغەشدا بۆ زۆر بابەتی چارەنووسساز ڕاوێژی پێ بکرێت و گوێ بۆ بۆچوونەکانی بگیرێت.
دیارە لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردووەوە تا هەنووکە، بزووتنەوەی ئیسلامی بە چەندین مەرحەلە و قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و ئەمەش بووەتە بەشێک لە مێژووی ڕابەرەکانی ئەم بزووتنەوەیە. وڵاتان، لایەن و ڕێکخراوەکانیش بە باشی ئەم راستییە دەزانن، خوێندنەوە و دیراسەی تایبەتیان لەسەر کردووە و بە ئەندازەی قووڵایی ئەو مێژووە، زانیارییان لەسەر سەرجەم لایەنەکان هەیە.
لەنێو سەرجەم لایەن و سەرکردە سیاسییەکاندا، شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ئەو کارەکتەرەیە کە متمانە و میسداقیەتی خۆی و حزبەکەی لەدەست نەداوە و پەیوەندییەکی قووڵ و ستراتیژیی لەگەڵ وڵاتاندا هەیە؛ ئەمەش وای کردووە لە کایە سیاسییەکاندا جێگای تایبەتی بۆ دابنرێت و بە شێوەیەکی تایبەت بانگهێشت بکرێت، تاوەکو سوود لە تێگەیشتن و خوێندنەوەکانی وەربگیرێت.
ئەم پاشخانە هەروا لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو مێژوویەکە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؛ چونکە لە دەرەوە بزووتنەوەی ئیسلامی بە «دایکی بزووتنەوەکان» دەناسێنرێت و قەبارە و قورسایی تایبەتی خۆی هەیە.
لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە گرنگیی سەردانەکەی ئەمجارەی ئەنقەرە جیاوازە؛ لەنێو هەموو ئەو تەنگژە سیاسییانەی ناوچەکەدا، ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بانگهێشت دەکرێت و بە بایەخەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
سیروان جلال
١٧/١١/٢٠١٦




