نوسەران

وریابە…دڵنیابە… شارەزای ئەم بوارە نەبی دوادەکەوی

( وریابە…دڵنیابە… شارەزای ئەم بوارە نەبی دوادەکەوی )

پ.د.سەعید علی محمد✍️باسک نێت

ئەوەی تەکنۆلۆژیا لە جیهانی مرۆڤایەتی ئێستادا هێناویەتیە کایەوە لە خەون دەچێ، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە تەکنۆلۆژیا سەرجەم ئافەت و پەتاو نەخۆشیەکانی سەرگۆی زەوی بنەبڕ بکات، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە تەکنۆلۆژیاو ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکان تەمەنی مرۆڤەکان زۆر زیاتر لەوەی ئێستا هەیە درێژتر بکاتەوە، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە بەیەک کلیک خۆی لە جێگایەکدا ببینێتەوە زۆر جیاوازتر بێ لەو جێگایەی چەند ساتێک پێش ئێستا خۆی تیایدا دەبینیەوە، هەروەها مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە بیر لەوە دەکەنەوە بێ دەستێوەردانی کەسانی تر توانای دیاری کردنی (بۆهێڵەکان و کرۆمۆسۆمەکان)ی خۆیانیان هەبێ!

لەم جیهانە خەون و خەیاڵەی تەکنۆلۆژیادا و، لەسەرووبەندی دەستپێکردنی ساڵێکی نوێی پرۆسەی خوێندن لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەلێکی گرنگە گەنج و لاوەکان جگە لەبواری مەعریفە، تواناو بەهرەکانیشیان لەبواری تەکنۆلۆژیاو بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکاندا زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن، بەتایبەت کەڕێژەیەکی زۆریان لەقۆناغی ئامادەییەوە بەرەو قۆناغی زانکۆ هەنگاو دەنێن کەئەمەش زەرورەتی شارەزابوونیان لەزانستی تەکنۆلۆژیادا – کەیەکێکە لە پێویستیەکانی سەردەم – چەند بارە دەکاتەوە!

گومانی تیادا نیە شارەزا بوون و قاڵبوونی زیاتر لەبواری تەکنۆلۆژیا ڕەگەزێکی سەرەکیی وبنەڕەتیە لەدیاری کردن و زامن کردن و ڕەنگ کردنی بەشێکی گەورە لە داهاتوو و چارەنووسی قوتابیە لاو و تازە پێگەیشتووەکان لەم سەردەمەی ئێستادا!

ئەڵبەتە ئێمە بەحوکمی ئەوەی کارو پیشەمان فێرکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکی مەعریفیی و ئەکادیمییە لە نێو ناوەندێکی باڵاو دامەزراوەیەکی گەورەی زانستیی ئەکادیمیی وەک زانکۆدا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی هەرە زۆری قوتابیانی زانکۆو ناوەندەکانی خوێندن لەبواری تەکنۆلۆژیادا لاوازو کۆڵەوارن و شارەزای بەکارهێنانی دروستی ئامێرو ئامرازو سەکۆ زانستیە فێرکارییە ئەلیکترۆنیە زیندووەکان نین و، بگرە هەندێ جار بێ تواناو ناشارەزاشن لە چۆنیەتی وەدەستخستن و ڕاکێشان و سوود وەرگرتن لە کتێب و سەرچاوە زانستیە ئەلیکترۆنیەکان!

بێگومان دەکرێ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە ئاسان بێت، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە مرۆڤی خوێندەوارو رۆشنبیر هەر کەسێک بێت و لەهەر ئاست و چین و توێژێک بێت ئەگەر ئاشنای جیهانی تەکنۆلۆژیای سەردەم نەبێت و، شارەزای بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیە زیرەکەکانی بواری خوێندن و فێرکردن و وانە وتنەوە نەبێت سوود و دەستکەوت و هەلێکی زێڕینی گەورە لەدەست دەدات، ئەمە جگە لەوەی ئەم کەسە لەلای شارەزایان و پسپۆڕانی (گەشەی مرۆیی) و بەپێی پێوەرە ئەکادیمییە جیهانیەکان بە کەسێکی ناشایستەو رۆشنبیرێکی نەخوێندەوارو تەمبەڵ لەقەڵەم دەدرێت!

لەتازەترین ئاماردا کە (بانکی نێودەوڵەتیی) ئامادەی کردووە ئاشکرا بووە کە ڕێژەی 85%ی ئەرک و وەزیفەو بوارەکانی
کارکردن لە داهاتوودا پێویستیان بە (تواناو لێهاتوویی و شارەزایی ئاست بەرز) هەیە لەبواری تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوودا، کەدیارە ئەمەش گرنگی و زەرورەتی خۆئامادەکردنمان بۆ ئەو قۆناغە بۆ دەردەخات، بۆیە پێویستە قوتابیان لەهەموو ئاست و قۆناغەکاندا لەئێستاوە لەهەوڵی خۆ بەهێزکردن و بەرەو پێش بردن و گەشەپێکردنی زیاتری تواناکانیان بن لەبواری تەکنۆلۆژیادا، ئیتر ئایا لەڕێی بەشداریکردن لە خولە تایبەتەکانەوە بێ، یان لەڕێی ئەو کتێب و سەرچاوە پەیڕەوییانەوە بێت کە زانکۆکان و دەزگاو دامەزراوە تایبەتەکان ئامادەیان کردوون.

مەعلومە شارەزایی قووڵ لەبواری بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیادا بەتایبەت لە پرۆسەی خوێندنی باڵادا ئامرازێکی نزیک و ڕێگایەکی هەرە زیندوو و کاریگەرە کە یارمەتی قوتابیان و کەسە ئەکادیمیەکان دەدات لە داواکاریەکان و پێشهاتەکان و گۆڕانکاریەکانی (بازاری کار) دانەبڕێن و دوانەکەون.

بەپێی توێژینەوەیەک کە (کۆربەندی ئابووریی جیهانیی) بڵاوی کردوەتەوە پێشبینی دەکرێ تاساڵی 2030 زەرورەتی شارەزابوون لەتەکنۆلۆژیای سەردەمدا رێژەی %55 تێپەڕێنێ، بەتایبەت لەگەڵ هەڵکشانی داواکاریی لەسەر تواناکانی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد و شیکردنەوەی ژمارەو داتاکان.

لەڕاستیدا زۆربەی توێژینەوە ئەکادیمییە جیهانیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنان لەبواری فێربوونی تەکنۆلۆژیادا دەکەن و تواناو بەهرەی لاوەکانیان لەبەکارهێنانی تەکنۆلۆژیادا زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەن، ئەو وڵاتانە توانای داهێنان و پێشکەوتن و گەشەکردن و هەڵکردنیان لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانیەکاندا زیاترو فراوانترە!

لەبیریشمان نەچێ گەشەدان بە مەعریفەی تەکنۆلۆژیی لە قۆناغی ئێستادا هەنگاوێکی هەرە گرنگ و سەرەکیە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێزو پێشخستنی وڵات و کۆمەڵگە، لە ئێستاوە دەبێ گرنگی دان بەو بوارە خەمێکی هەرە گەورەی دەسەڵات و کۆمەڵگەو نوخبەی ئەکادیمیی بێت لەپێناو زامن کردن و دەستەبەرکردنی چارەنووس و داهاتوویەکی ڕووناکترو پرشنگدارتر بۆ نیشتیمان و نەوەکانی داهاتوو.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close