نوسەران

هیچ بیانوو پاساوێک بەدەستەوە نەماوە

هیچ بیانوو پاساوێک بەدەستەوە نەماوە

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

سەردەمێک کە کتێب کەم بوو ، دەگمەن بوو ، ناڕەحەت دەست دەکەوت لە کتێبخانەکاندا …

کاتێک وەدەستخستنی زانیاریەکان پێویستی بەوەبوو گەشت و سەفەری دووری وڵاتانی بۆ بکەیت ، ئا لەو سەردەم و قۆناغەدا هەرکەسێک دوا بکەوتایە بەهانەی بەدەستەوە بوو ، باوەڕی پێ دەکرا …

هەروەها کاتێکیش هەلی کار بە ناڕەحەت دەدۆزرایەوەو ، بواری کارکردن و دابین کردنی بژێوی ژیان زۆر لاوازو سنوور دار بوو ، ئاسایی بوو هەندێک کەس بێزارو ناڕەحەت ببن لە بەڕێکردنی ژیانی خۆیان و خێزان و نزیکەکانیان !! بەڵام لەم قۆناغەداو لەم سەردەمەی ئێستادا هەموو بەهانەکان ، سەرجەم بەربەست و ڕێگریەکان لادراون و کۆتاییان پێ هاتووە ..

بۆیە دەتوانین بڵێین : ئەوەی لەم قۆناغ و سەردەمەدا ( نەزانێ ) ئەوە بەئەگەری زۆرەوە خۆی نایەوێ بزانێ ، ئەوەی ( فێر نەبێ ) بەئەگەری زۆرەوە خۆی سوور نیەو ، هەوڵ نادات و نایەوێ فێر ببێ ..چونکە هەموان دەزانین ئێستاکە ( زانست و زانیاری و مەعریفە ) بەردەستەو هاتۆتە نێو مۆبایلەکانمانەوە ، ڕاهێنان و خولە زانستیە جۆراو جۆرەکان هاتونەتە ژووری نوستنەکانمانەوە .. سەرچاوەکان و ڕێگاکانی خۆبەهێزکردن و خۆپێگەیاندن و گەشەدان بەتواناکانمان لە ژمارە نایەن !

زیرەکیی دەستکرد نمونەی زەق و هەرە دیاری ئەو وەرچەرخانە مەزنەیە ، زیرەکیی دەستکرد ئێستا ئامرازو کەرەستەی بەردەست خواپێداوو خۆشگوزەرانەکان نیەو بەس ، چەکی بەردەستی پرۆگرام سازەکان نیە بەتەنها ، بەڵکو ئامرازێکی ئاسان و بەردەست و ئامادەیە بۆ دروست کردن و بنیاتنان و پێگەیاندنی هەرکەسێک بەدوای دۆزینەوەی هەلەکانەوە وێڵ بێ و بگەڕێ !

زیرەکیی دەستکرد تەنها بۆت نانوسێ ، بەڵکو لەگەڵ تۆدا ئەویش بیر دەکاتەوە ، تەنها کارەکانت بۆ ڕایی ناکات ، بەڵکو تۆش ڕادەهێنێت کارو ئەرکەکانت زۆر بەوردی و سەرکەوتوانە ئەنجام بدەیت ! هەربۆیە ئەوەی له ڕابردوودا پێویستی بەچەند مانگ و ساڵێک بوو بۆ ڕاپەڕاندن و تەواوکردن و بەجێگەیاندن ئێستا لەچەند کاژێرێکدا کورت دەکرێتەوە .. بۆیە ئەو کەسەی لەم ڕۆژگارەدا ( بێ توانایی ) دەکاتە پاساوو بیانوو ، یان خۆی لە پشت بارودۆخەوە پەنا دەدات و خۆی دەشارێتەوە ، بەدڵنیاییەوە گرفت و دەردی ئەو کەسە کەمی کەرەستەو بەردەست نەبوونی ڕێگاکان و ئامرازەکان نیە ، بەڵکو ئافەت و دەردەکە خەمساردی و سستی و لاوازی هەوڵ و هیممەتە ..

ئاشکرایە گەورەترین کارەسات لەم ڕۆژگارەدا ( نەزانی و نەفامی ) نیە ، بەڵکو کارەسات ڕازیبوونە بەو ( نەزانی و نەفامی ) یە ! کێشەکە بەتاڵی و بێکاریی نیە ، بەڵکو ئافەتە سەرەکیەکە ئەو ( تەمبەڵی) یەیە کە بەپاساوو بەهانەی چۆراوجۆو بەرگ کراوەو ڕووپۆش کراوە !

دەتەوێت چۆن دەست پێ بکەیت ؟

١ – پرسیار لەخۆت بکە : من پێویستم بەچ کارو پیشەیەکە فێری ببم و شارەزای ببم تا بارودۆخ و ژیانم باشتر ببێت و پێشتر بکەوێت ؟
٢ – مۆبایلەکەت بکەرەوەو تێیدا بگەڕێ .. چەندان خولی ڕاهێنان و فێربوونی بێ بەرانبەر دەبینیت ، چەندان بڕگەو بەرنامەو وتارو نووسینی بێ بەرانبەرت دەست دەکەوێت .
٣ – هەموو ڕۆژێک ماوەی سێ کاژێر هەوڵ بدە فێری شتێکی نوێ ببیت…هەموو ڕۆژێک.
٤ – چاوەڕێی هاندان مەکە لە هیچ کەسێک ، چونکە دڵنیابە سەرکەوتن هەرگیز ئەوانە نایهێننە دی چەپڵە لێ دەدەن ، بەڵکو مرۆڤە چالاکە ئیشکەرە بێ دەنگەکان دروستی دەکەن و دەیهێننە دی.

٥ – ئەوەی فێری بویت و شارەزای بوویت ئەزموونی بکە و تاقی بکەرەوە ، لەسەر هەڵەو کەم و کورتیەکانیش ئارام بگرە و نەفەس درێژ بە..

مەرج نیە تۆ لەماوەی هەفتەیەکدا یان مانگێکدا ببیتە کەسێکی عەبقەریی نمونەیی ، لەماوەی مانگێکدا جیهان بگۆری ، وڵات بگۆڕی .. بەڵکو گرنگ ئەوەیە تۆ لە مرۆڤێکی ئیفلیج و وەستاوو بێ بەرهەمەوە ببیتە مرۆڤێکی چالاک و کۆششکارو بەرهەمدار ، لەکەسێکی تەنها تەماشاکەرەوە ببیتە کەسێکی بەشداربوو !!

لەسەردەمی ( زیرەکی دەستکرد ) دا هەرگیز پرسیار لەخۆت مەکە ئایا دەتوانی ؟ بەڵکو ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆت بکە : ئایا ئیتر هیچ بیانوو پاساوێک ماوە بەدەستمەوە ؟!

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close