
سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی عێراق خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
باسک نێت
سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەمەبەستی ڕێگرتن لە هەر ڕووداوێک کە لە چوارچێوەی سەردانەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودییە و کوەیت ڕووبدات.
ڕۆژنامەی ئەلمەدا بڵاویکردەوە، هەواڵگریی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی هیچ هێرشێک لە خاکی عێراقەوە ئەنجام نەدرێتە سەر سعودییە و کوەیت، ئەمەش بۆ ئەوەیە سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، لە کاتی سەردانەکەیدا تووشی هیچ کێشەیەک نەبێت.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشیکرد، داواکاریی گروپە چەکدارەکان بۆ چەکدانان ئێستا گۆڕدراوە بۆ وەرگرتنی پۆست، بەجۆرێک کە ئەو گروپانە داوا دەکەن لە حکومەتی زەیدی پۆستیان پێبدرێت و لە بەرامبەردا ئامادەن چەکەکانیان دابنێن.
هەروەها ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا کە گروپەکان هێشتا ئامادە نین دانوستان لەسەر مووشەکە بالیستییەکانیان بکەن کە لە ئێرانەوە پێیان بەخشراوە.




