
ميدياكانی ئەمریكا:
ئەمریكا بەپەلە هەر 12 فڕۆكە بۆمبهاوێژەكەی لە بنكەكەی بەریتانیا بەرەو وڵاتەكەی كشاندووەتەوە
باسک نێت
رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” ئاشكرای كردووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بە خێرایی هەر 12 فڕۆکەی بۆمبهاوێژەكەی جۆی (بی-1)ی لە بنكەی ” RAF Fairford ” لە باشوری ئینگلتەرا کشاندووەتەوە، دوای ئەوەی زیانیاری هەواڵگری نوێ هۆشدارییان داوە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو بنکە بە پشتیوانی ئێران.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، ئەم هەنگاوە زۆر بەپەلەو تایبەت دانراوە، بەجۆرێك هەندێک لە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان پێش ئەوەی فڕۆکەکانی سووتەمەنی ئاسمانی بە تەواوی لە شوێنەکانیان جێگیر ببن، رۆیشتوون.
هەر لەو چوارچێەیەدا، رۆژنامەی “وۆل ستریت جۆررناڵ” بڵاویكردووەتەوە، سەرجەم بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکانی کە لە بنکەی فێرۆفۆرد جێگیر کرابوون، گەڕاونەتەوە بنکە سەرەکییەکانیان لە ناو خاکی ئەمریکا، پێنتاگۆن لەوبارەیەوە وتویەتی، بۆمبهاوێژەکان هێشتا ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی دوورمەودا لە خاکی ئەمریکاوە.
وۆل ستریت جۆرناڵ ئەوەشی ئاشكراكردووە، بەرپرسانی ئەمریکی ئاگاداری پیلانێکی پەیوەندیدار بە ئێران بوون کە بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکان و ژمارەیەک لە کارمەندانی بنکەکەی دەکردە ئامانج.
بە وتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی، لقێکی سوپای پاسدارانی ئێران هاوڵاتییانی بەریتانیای بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکە بە كرێ گرتووە، (تێوەگلاوە)، کە چەند قۆناغێکی لەخۆ گرتووە، لەوانە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەرلێشێواندن و سەرقاڵكردن لە ناوچەیەکی نزیک بنکەکە پێش ئەنجامدانی هێرشەکە.




