
ئەنجومەنی باڵای دادوەری:
بە بەهای 69 ملیار دینار خانووبەرەو کارگە لە موسڵ لە دۆسیەی جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە
باسک نێت
ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرە و کارگەی بە بەهای 69 ملیار دینار لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی یاریدەدەری پێشووی وەزارەتی نەوت.
دادگای دەستپاکی نەینەوا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بڕیاری دادوەری دەرچووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی نۆ موڵکی بازرگانی و سێ کارگەی ئاردی موسڵ، بە کۆی گشتی بەهای نزیکەی 69 ملیار دیناری عێراقی، ئەمە جگە لە حەوت بارهەڵگری گواستنەوەی مۆدێرن، کە هەریەکەیان بەهای 200 هەزار دۆلارە، لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی و ئەو لایەنانەی تێوەگلاون لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی دارایی.
دادگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهای بازاڕی ئەو موڵکە بازرگانیانەی کە کەوتوونەتە ناوەندی شار نزیکەی 45 ملیار دینارە، هاوکات کارگەکانی ئاردیش بەهای 24 ملیار دینارە. تۆمەتبارانی هەڵهاتوو ئەو موڵکانەیان بە ناوی کارمەندەکانیان تۆمارکردووە بۆ شاردنەوەی سەرچاوە نایاساییەكەی.




