عێراقهەواڵ

چوارچێوەی هەماهەنگی:  پشتیوانی پڕۆژەی كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت دەكەین

چوارچێوەی هەماهەنگی:
پشتیوانی پڕۆژەی كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت دەكەین

باسک نێت
چوارچێوەی هەماهەنگی، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەرپشك دەكات بۆ ئەوەی بڕیار و ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بگرێتەبەر، پشتگیری خۆشی بۆ پڕۆژەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ چوارچێوە سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتییەکان راگەیاند.

چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی كۆبونەوەكەی شەوی رابردووی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بڕیاری شەڕ و ئاشتی بڕیارێکی نیشتیمانی سەروەرەییە کە تایبەتە بە گەلی عێراق لە ڕێگەی دامەزراوە دەستورییەکانیانەوە كە خۆی تەنها لە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی هەڵبژێردراودا دەبینێتەوە، هەر کارێکیش لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بە پێشێلکردنی یاسا و بنەماکانی دەوڵەتی دەستوری دادەنرێت.

دووپاتیشی كردووەتەوە، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمییە کە پابەندە بە دەستور و یاسا کارپێکراوەکان و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و لە چوارچێوەی یاساییە دامەزراوەکاندا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوەشكردووە، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی، پشتیوانی پڕۆژەی كۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی حەشدی شەعبی بە هەموو چوارچێوە سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتییەکان دەكات، لەسەر بنەمای دەستوری عێراق و لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی مەرجەعی باڵای ئاینی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close