
کۆتایی ساڵێکی خوێندن و سەرەتای گەشتێکی نوێ
شەپۆل احمد✍️باسک نێت
کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندن ، سەرەتایەکی تازەیە بۆ گەشتێکی نوێ
لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم ساڵی خوێندنە، لاپەڕەیەکی تری تەمەن و زانست دەپێچرێتەوە کە تێیدا ئێوەی قوتابی و خوێندکاری خۆشەویست، شەونخونی و کۆششی زۆرتان کردووە تێی دا.
زانست گەورەترین سەرمایەی مرۆڤە، وەک خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەرزیی پلەی زانایان و قوتابیانمان پێ ڕادەگەیەنێت و دەفەرموێت:
( يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَات ) (المجادلة: ١١)
واتا خوای گەورە ئەوانەتان کە باوەڕیان هێناوە و ئەوانەیشی کە زانستیان پێدراوە، بە چەندین پلە بەرز دەکاتەوە.
کەواتە هەر هەنگاوێک کە بەرەو فێربوون ناوتانە، تەنها نمرەی سەر کاغەز نییە، بەڵکو نزیکبوونەوەیە لە ڕەزامەندی خودا و بونیادنانی پاشەڕۆژێکی گەشە بۆ خۆتان و کۆمەڵگەکەتان.
پشوو بەواتای تەمبەڵی نایەت، بەڵکو گۆڕینی جۆری چالاکییەکانە. لێهاتوویی نوێ فێرببن و هەوڵ بدەن کتێبی بەسود بخوێننەوە.
هەمیشە سوپاسی دایک و باوک و مامۆستاکانتان بکەن کە ڕێ نیشاندەر و پاڵپشتی سەرەکی بوون لەم ڕێگەیەدا. ئەوانەشی لە قۆناغی یەکەم نەیانتوانیوە سەرکەوتوو ببن ، کاتی ئومێد و سەرکەوتن هەرماوە لە قۆناغی دووەم دا ، یان بە واتایەکی تر ئەگەر لەم قۆناغەدا بەخت یاوەریان نەبووە و دەرنەچوون ، پەلە مەکەن و نائومێد مەبن.
ژیان پڕە لە دەرفەتی نوێ، و شکست لە قۆناغێکدا بەواتای کۆتایی ڕێگەکە نییە، بەڵکو وانەیەکی بەهێزە بۆ سەرکەوتنی گەورەتر لە داهاتوودا.
پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت:
( الْمُؤْمِنُ الْقَوِيُّ خَيْرٌ وَأَحَبُّ إِلَى اللَّهِ مِنَ الْمُؤْمِنِ الضَّعِيفِ… وَاحْرِصْ عَلَى مَا يَنْفَعُكَ، وَاسْتَعنْ بِاللَّهِ وَلَا تَعْجِزْ» (رواە مسلم)
واتا بڕواداری بەهێز باشتر و خۆشەویستترە لای خودا لە بڕواداری لاواز…
سووربە لەسەر ئەو شتەی سوودت پێدەگەیەنێت، و داوای یارمەتی لە خودا بکە و دەستەوەستان و دۆڕاو مەبە.
هەروەها پەروەردگار دڵنەواییمان دەکات و دەرگای هیوامان بە ڕوودا دەکاتەوە کاتێک دەفەرموێت:
( فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا * إِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا ) واتا بێگومان لەگەڵ هەموو ناڕەحەتی و تەنگانەیەکدا، ئاسانی و حەسانەوەیەک هەیە.
دڵتان پڕ بێت لە متمانە بە خودا. ئەوانەی تاقیکردنەوەتان ماوە، بە هیممەتێکی بەرز و پشت بەستن بە خودا بچنە ناو هۆڵەکان؛ و ئەوانەیشی کە دەرفەتی تریان لەپێشە، با بە پلانێکی نوێ و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە دەست پێ بکەنەوە. خوای گەورە ماندووبوونی کەس بەفیڕۆ نادات و هەمیشە سەرکەوتن هاوڕێی تێکۆشەرانە.
بژین و هەر لە لوتکەی سەرکەوتندا بن!



