نوسەران

فەلسەفەی قوربانی لە تەرازووی عەقڵانیەتدا

فەلسەفەی قوربانی لە تەرازووی عەقڵانیەتدا

شەپۆل احمد✍️باسک نێت

قوربانی کردن کە بریتییە لە سەربڕینی ئاژەڵێکی تایبەت کە مەرجە تەندروستی و شەرعییەکانی تێدا بێت، لە ماوەیەکی دیاری کراودا کە جەژنی قوربانە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەرمانی خودا و زیندووکردنەوەی نەریتێکی ئایینی و ئینجا بەشێکی ئەو قوربانیە دابەش بکرێت سەر هەژاران و خزمەکاندا.

لامان وایە قوربانی دڵ و نیەتی مرۆڤە لە پێش کردارەکەی و پەیامێکە بۆ ئەوەی بزانن کە ئێمە ژیان و مردن و بەخشینمان تەنها بۆ خودایە و هیچ کاریگەری و قسەیەکی دەرەکی لەو بیرو باوەرە سڵمان ناکاتەوە.

بەڵام هەمان ئەو کردارە لە دیدی مۆدێرنەکان کە خۆیان پێ عەقڵانی و فەلسەفیە و دژ بە زۆر سلوکی دینین ئەو کردارە بە کۆمەڵکوژ سەیر دەکەن کە من لێرەدا دەمەوێ سەیری هەردوو سەرنج و ڕوانگەکە بکەین بە بێ ئەوەی بکەوینە داوی دەمارگیری ئایینی و دژایەتی کردنیان.

فەیلەسوفێکی ئوسترالیا بە ناوی ( پیتەر سینگەر )لە ساڵی ١٩٧٥ دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بە ناوی( ڕزگاریخوازی ئاژەڵان ) تێڕوانینی خەڵکی بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ گۆڕی و ئەوپێی وابوو کە ئاژەڵان سیستەمی دەمارگیری ناوەندیان هەیە و هیچ جیاوازی نیە لە گەڵ مرۆڤ و ئەوانیش هەست بە ئازار و ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن.

ئەوە تەرزە فیکرە دەم بە دەم مایەوە و پەرەیان پێدا و پڕۆسەی قوربانیان بە جۆرێک لە سیستەمی کۆمەڵکوژی ئاژەڵ لە قەڵەم دا چونکە سەربڕینی بەکۆمەڵی ئاژەڵان لە یەک کاتدا، لە دیدی ئەوانەوە بە کۆمەڵکوژی سەیر دەکرا.

ناونانی قوربانی بە کۆمەڵکوژی کاتێک مەنتیقییە کە کۆمەڵگەی مرۆیی گۆشت نەخوات.

بەڵام ئامارە جیهانییەکان دەڵێن ڕۆژانە نەک تەنها لە جەژندا بەڵکو لە ڕۆژانی ئاسایی زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن ئاژەڵ لە جیهاندا بۆ سەر مێزی نان خواردنەکانی مرۆڤ سەردەبڕدرێن.

لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، لە بۆنەکانی وەک کریسمس یان جەژنی سوپاسگوزاری تەنها لە یەک ڕۆژدا نزیکەی ٤٥ ملیۆن قەل یان بوقەلەموون سەردەبڕدرێن بۆ خواردن لەو بۆنەیەدا.

کەواتە، ئەگەر سەربڕینی ئاژەڵ بۆ خۆراک کۆمەڵکوژی بێت ئێستا بەو داتایانە مرۆڤایەتی ڕۆژانە و بەبێ وەستان لەناو کۆمەڵکوژیدایە بۆیە ئێمە پێمان وایە تەرخانکردنی ئەم ناوە تەنها بۆ جەژنی قوربانی موسڵمانان ناهاوسەنگییەکی ڕوونە و ناونانێکی نالۆجیکی یە.

مرۆڤ لە ڕووی سیستەمی بایۆلۆجیەوە ئەو شێوازی ددان و سیستەمی هەرەسەی کە هەیەتی وەک زیندەوەرێکی گۆشت خۆر دروستبووە.
لە سروشتدا، زنجیرەی خۆراک هەیە ، شێر ئاسک دەخوات، باز مار دەخوات ، مرۆڤیش وەک بەشێک لەم سیستەمە سروشتییە ئاژەڵ بۆ مانەوەی خۆی بەکاردێنێت ئیتر ئیسلام ئەو غەریزە و پێویستییە سروشتییەی مرۆڤی قەدەغە نەکردووە ، بەڵکو ڕێکی خستووە.

ئینجا لە ڕوی تێگەیشتن و زمانەوانیەوە وشەی کۆمەڵکوژی بۆ پڕۆسەیەک بەکاردێت کە ئامانج لێی قڕ کردن یان سڕینەوەی نەتەوەیەک یان جۆرێکی دیاریکراو بێت بەبێ هیچ سودێک.

بەڵام لە قوربانی کردندا خۆ ئاژەڵەکە لەناو نابرێت ، بەڵکو گۆشتەکەی دەبێتە وزە و خۆراک بۆ بەردەوامی ژیانی مرۆڤ وەک هەمان ئەو ژەمەی کە ریستۆرانتەکان لەسەر مێز ئامادەی دەکەن بۆیە چەمکی قوربانی ڕێگرە لە تیاچوونی جۆری ئاژەڵەکە، چونکە ئاژەڵداری گەشە پێدەدات و بازاڕی بەخێوکردنی ئاژەڵ گەرمتر دەکات.

لە سیستەمی سەرمایەداریی مۆدێرن دا، ساڵانە ملیۆنان تۆن گۆشت و خۆراکی زیادە لە مارکێت و چێشتخانە گەورەکاندا فڕێ دەدرێتە ناو خۆڵ و خاشاکەوە تەنها و تەنها بۆ پاراستنی هاوسەنگیی نرخ لە بازاڕدا کە ئەمە ڕێک توندوتیژی ڕاستەقینەیە دژ بە سروشت.

بەڵام لە فەلسەفەی قوربانی دا، سیستەمەکە لەسەر بنەمای بێ بەرامبەر بەخشین و پێدانی گۆشتە بە هەژاران کە ئەمەش دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت.

لە کۆتایی دا خۆشمان تێبینیمان لەسەر شێوازی قوربانی هەیە کە دەکرێت جوانتر کاری لەسەر بکرێت.

سەربڕینی ئاژەڵ لەناو کۆڵان، ڕشتنی خوێن لەسەر قیڕ، و پیشاندانی بە منداڵ، دژ بە بنەماکانی تەندروستی وزانستی یە بۆیە بەڕاستی پێویستە تۆی قوربانیکەر کە شوێنی گونجاوت نیە ئەو پرۆسەیە لە قەسابخانەکان ئەنجام بدرێت بە شێوازێکی زانستی و تەندروست، و گۆشتەکە بە پاکوخاوێنی بگاتە دەستی هەژاران و خەڵک و دۆستان و خزم و ئاشنایان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close