
سبەیینێ دانوستانی ئیسلام ئاباد بە سەرۆكایەتی ڤانس و قالیباف بەڕێوەدەچێت
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی پاكستانیەوە رایگەیاندووە، هەموو كارەكان باشن و دانوستانەكان بەپێی خشتەی كاتیی دیاریکراو بەڕێوەدەچن و گەرم گوڕییەی زۆر هەیە بۆ دەستپێكردنی گەڕی دووەمی دانوستانەكان لە ئیسلام ئاباد.
وتوشەیەتی، ئەگەر رێككەوتن بكرێت، رەنگە ترەمپ بە شێوەیەکی شەخسی یان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئامادەبێت.
لەلایەكی ترەوە، ماڵپەڕی “ئاكسیۆس”ی ئەمریكی لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویكردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێبکەوێت بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێرانيەكان.
هەر چەندە تائێستا ئێران بە فەرمی بەشداریكردنی لە دانوستانەكە رانەگەیاندووەو مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەكانی دانابوو لە بەرامبەر بەشداریكردنی، بەڵام بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، شاندی ئێران بە سەرۆكایەتی محمەد باقر قالیباف بە شداری دانوستانەكانی ئیسلام ئاباد دەكات.
پێشتریش کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی بڵاویکردەوە، خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران ڕۆژی چوارشەممە 22ی نیسان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی ئەو میدیا ئەمریكیە شاندەکەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک کۆمار و شاندی ئێرانیش بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان دەبێت.




