ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیعێراقكوردستاننوسەرانهەواڵ
کۆڕبەندی جیهانی ئەنتالیاو بایەخی بەشداری کورد

کۆڕبەندی جیهانی ئەنتالیاو بایەخی بەشداری کورد
(کامیل مەحمود، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی)✍️باسک نێت
ڕێکخستنی بەردەوامی کۆنگرەو کۆڕبەندی جیهانی و هەرێمایەتی لەوڵاتی تورکیا بووەتە دیاردەیەکی بەرچاوی سەرەتای هەزارەی نوێ تا ئێستا، ئەمش لەدوای هاتنەپێشی ڕەوتی ئیسلامی بەتایبەتی لەسەردەمی حزبی دادو گەشەپێدان، ئەم جوڵە سیاسی و دبلۆماسی و چالاکییە جۆراوجۆرە جیهانیانەش ڕێکەوتێکی دابڕاو نییە لەپلان و نەخشەیەکی داڕێژراوی پێشوەختە کە پەیوەستە بە کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیژی تورکیای نوێ و ئەو وەرچەرخانە سیاسییانەی کە لەوڵاتەکەو دوەروبەری ڕووی داوە، بەتایبەت وەرچەرخان لەسیاسەتی دەرەوەی تورکیا وەک هێزێکی کاریگەری ناوچەکە.
لەسەرەتای ئەم هەزارەیەوە ئەنقەرە نمایشی سیاسەتی(کرانەوە بەڕووی هەموو لایەک)دای کردووە لەڕێگای ئەوەی خۆی ناوی ناوە سفرکردنەوەی کێشەکان کە ئەحمەد دواد ئۆغلۆ ڕەنگڕێژی بوو.
لەم هەلومەرجەی ئێستاشدا کە جەنگ و ئاڵۆزییە سیاسییەکان ڕوویان لەم ناوچەیە کردووە بەهۆی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرامبەربە ئێران کە جۆرێک لەترس و نیگەرانیشی بۆ ئەنقەرە دروست کردووە، بەو پێیەی ئیسرائیل تورکیای وەک هەڕەشەی ژمارە دووی دوای ئێران وێنا کردووە.
لەئێستادا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەژێر دروشمی(مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی نادڵنیایی لەداڕشتنەوەی ئاییندە) کۆڕبەندی جیهانی دبلۆماسی پێنجەمی لە شاری ئەنتاڵیا ڕێکخستووە، کۆڕبەندەکە لەڕۆژانی(١٧و١٨)ی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوە دەچێت.
بۆ کۆڕبەندەکەش نزیکەی پێنج هەزار کەس بانگهێشت کراون لەوانە بڕیارە ۲۰سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکان و دەیان وەزیرو وەزیری دەرەوەی وڵاتان و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی کاریگەری ناو ۱٥۰وڵاتی جیهان بەشداری بکەن.
ئەنقەرە بەم جۆرە کۆنگرەو کۆڕبەندانە دەیەوێت وڵاتەکەی بکاتە پردێک لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو ستێجێک بۆ دیالۆگی نێوان لایەنە ناکۆک و ڕکابەرەکان، ئامانجی ستراتیژی تورکیا بەهێزکردنی پێگەی خۆیەتی لەسەر هەردوو ئاستی جیهانی و هەرێمایەتی کە لەئێستادا تورکیا لەسەر هەردوو ئاستەکە تا ئەندازەیەکی کاریگەر قبوڵ کراوە، بەو پێیەی کە کۆنگرەو کۆبوونەوەکان تا ڕادەیەکی بەرچاو لەسەر ئاستی وڵاتان وەڵامدەرەوەی هەیە.
ئەوەی وەک چاودێرێک بەدواداچوونم بۆ سروشت و ئامانجی کۆنگرەکە و میوانەکان کردووەو جێگای سەرنجە، بریتییە لەهەڵبژاردنی کەسایەتییە کوردەکانی هەرێم لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و حزبی کەتەنها ئەم ناوانە لەلیستی ناوەکانی بەشدارانی کۆنگرەکەدا بەدی دەکرێن: (نێچیرەوان بارزانی سەرۆکی هەرێم، د.بەرهەم ساڵح کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، د.فوئاد حسەین وەزیری دەرەوەی عێراق، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، د.وشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی).
لەم کۆنگرەیەدا پشکی هەرێم لەسەر ئاستی فەرمی سەرۆکی هەرێم و لەسەر ئاستی حزبەکان تەنها ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بانگهێشت کراون، ئەوانیتر نوێنەرایەتی عێراق و ڕێکخراوی کۆمسیاران دەکەن.
دەربارەی بانگهێشتی عیرفان عەلی عەبدلعزیز بۆ ئەم کۆڕبەندە جیهانییە بەڕەچاونەکردنی قەوارەی حزبەکەی لەئێستادا و غیابی حزبەکە لەناو دامو دەزگا فەرمییەکانی هەرێم، من پێم وایە بۆ گوتاری سیاسی بزووتنەوەو شەخسی یەکەمی حزبەکە دەگەڕێتەوە کە لەم دواییەداو لەماوەی ئەو ڕووداوە دراماتیکیانەی ناوچەکەدا هەڵوێست و دیدگای ڕیالیستانە و خوێندنەوەی سیاسی جیاوازیان بۆ پێشهات و ڕووداوەکان هەبووەو هەندێ جار پێچەوانەی شەپۆل و تەوژمی پۆپۆلیستانە قسەیان کردووە، بەتایبەتی لەمەڕ ڕووداوەکانی سوریاو لەسەروبەندی هاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرع و دواتر گرژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆچوونی ڕاشکاوانەی ڕابەری حزبەکە بۆ ڕای گشتی و تەنانەت سەرکردایەتی نوێی سوریاش دەنگدانەوەی هەبوو، لەوانە پەیامی شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بۆ ئەحمەد شەرع لەیەکەم ساتەکانی گەیشتنی ناوبراو بەدیمەشق کەداوای لێکرد سیستمێکی مەدەنی بۆ سوریای نوێ دابمەزرێنێ کە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکاندا بکات کە لەئێستادا سوریا بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان دەسەڵاتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەر لەو کاتەشدا گوتاری بزووتنەوە جیا لەشەپۆلە پۆپۆلیستییەکە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بۆ گۆڕەپانەکە لەخۆگرتبوو کەدیدێکی ڕیالیستانەبوو بۆ دۆزی نەتەوەیی کوردانی ڕۆژئاوا و خستنەڕووی مەترسییەکانی جەنگ و زەرورەتی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتی و ڕوئیای ڕوونی هەسەدە لەمەڕ کێشەی کورد لەدەرەوەی ئایدۆلۆژیا و ئامانجی مەحاڵ.
لەپرسەکانی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کوردانی باکوریش دیدگای ئەو حیزبە لەسەردانەکانی هاکان فیدان بۆ هەرێم و دیداری لەگەڵ ڕابەری بزووتنەوە جێگای بایەخ بووەو پێم وایە ئەم ڕوئیاو گوتارە ڕوونەی بزووتنەوە جۆرێک لەپەیوەندی باشی لەنێوان تورکیاو سەرکردایەتی بزووتنەوەدا دروست کردووەو بانگهێشتی سەرکردەی حزبەکەش بۆ بەشداری لەکۆڕبەندەکەی ئەنتالیا ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە.
لای خۆمەوە بوونی پەیوەندی باشی هەرێمی کوردستان و هەر لایەنێکی سیاسی کوردی لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر لەبەرژەوەندی کوردستان و دۆزی نەتەوەیی کورد دەیبینمەوە، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ناوچەکەمان چەقی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەو ئێمەش لەنێوەندی ئەو جوگرافیا ئاڵۆزەداین.




