
سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان:
هۆكاری سەرەكی پاشەكشێی داهاتی خاڵە سنورییەكان بوونی دەروازەی نا فەرمییە لە هەرێمی كوردستان
باسک نێت
عومەر وائيلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق دەڵێت: هۆكاری سەرەكی پاشەكشێی داهاتی خاڵە سنورییەكان بوونی دەروازەی نا فەرمییە لە هەرێمی كوردستان، هەر كاڵایەك قەدەغە دەكەین لە دەروازەكانی عێراق یان باجی لەسەر زیاد دەكرێت دەچێت لە دەروازەكانی ترەوە دەیهێنێت.
وائلی، لەمیانی وتەیەكدا لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئێستا دوو باری مەكینەی ئۆتۆمبیل كە زۆرترین داهاتی هەیە بۆ دەوڵەت لە ئوم قەسر لەسەر شۆستە داگیراوە، دەزانێت تاریفەی گومرییەكەی بەرزە، دەڵێت، دەچم لە هەرێمی كوردستانەوە دەیهێنمە ناوەوە، كە هەر بارێكی (5) میلیار دینار بۆ بازرگانەكە دەگێڕێتەوە.
دەشڵێت: لەبارەی دەروازە سنورییەكان گفتوگۆمان لەگەڵ دەكەن، فەرموون ئێمە ئامادەین بەفەرمی بیناسێنین بەڵام داهاتەكەی رادەست بكەن.
وتیشی: هەرێم داوای مووچە لە بەغداد دەكات، ئێ نابێت داهاتەكان پێكەوە بەشبكەین؟ بۆچی نەوتی بەسرە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەشبكرێت و بەغداد هیچ وەرنەگرێت لە دەروازە سنورییەكانی هەرێم.
ئاماژە بەوەشكرد: دەروازەی سیمالكا كە دەروازەیەكی نافەرمییە لەگەڵ فاو و مەحمودیە، ناودەنێن چی، ئەمانە دەروازەی نافەرمین لەنێوان سوریاو هەرێمی كوردستان و سەربە لایەنی دەرەوەی یاسان، چەندین رۆژانە چەندینتانكەر نەوتی لێوەهاردە دەكرێت، ئەمانە سنورن نەك دەروازەی سنوری پەیوەندی بەكاری ئێمەوە، بەڵام كاری دەروازە سنورییەكان دەكاتە ئامانج و كاریگەری لەسەر داهاتەكانی دەبێت، جگە لەوەی لە سنوری توركیاو ئێران تەنها 6 دەروازەی سنوری هەیە كە دانی پێدانراوە، چەندین دەروازەی تری نافەرمی هەیە نافەرمین، ئێمە بەرپرسیارێتی هەر 22 دەروازە سنورییەكەی عێراق هەڵدەگرین و كەس ناتوانێت هیچ سەرپێچیەكی تیادا بكات.
جەختیشدەكات: لەوەی لە دەروازە فیدراڵییەكان بە تەواوی سیستمی ئەیسكودا جێبەجێكراوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان جێبەجێنەكراوەو رەتی دەكەنەوە.




