
حکومەتی ئەمریکا لە کار کەوت و کونسوڵخانەی هەولێریشی گرتەوە
تەواوی سیستەمی حکومەتی ئەمریکا لە کارکەوت و کونسوڵخانەی ئەمریکای لە هەولێریش گرتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ حکومەتی ئەمریکا کەوتە حاڵەتی ئیفلیج بوونەوە و دامودەزگاکانی حکومەت لەکاردکردن ڕاگیران و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی خەرجییەکان.
لەو بارەیەوە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، تا کاتی گەڕانەوەی خەرجییەکان لەو هەژمارەوە هیچ پۆستێکیان نابێت و بەڵام ئەگەر حاڵەتی ئەمنی و لەناکاو هەبوو زانیاری بڵاودەکەنەوە.
هەروەها دەشڵێت: خزمەتگوزاری پاسپۆرت و ڤیزا لە باڵیۆزخانەکانەوە بەگوێرەی گونجاوی دۆخەکە بەردەوام دەبێت.
لەماوەی 7 ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمین جارە حکومەتی ئەمریکی تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت کە جاری پێشووش هەر لەسەردەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتی “دۆناڵد ترەمپ”دا روویدا و بۆ ماوەی 35 ڕۆژ خەرجی دام و دەزگاکانی حکومەتی ڕاگرت.
لە ئێستادا چارەنووسی ٧٥٠ هەزار کارمەندی فیدڕاڵی بەنادیاری ماوەتەوە.
لەماوەی ڕابردووشدا و هەر لەمساڵدا بەبڕیاری “دۆناڵد ترەمپ” خەرجی چەند دەزگایەکی ڕۆژنامەوانی ئەمریکی ڕاگیران، بەپاساوی پێویست نەبوون و لادان لە سیاسەتی ئەمریکا.




