
لۆژیکی سامناکی شوناس: کاتێک ناوێک چارەنووسی گەلێک دیاری دەکات
د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
لە جیهانی پۆست-مۆدێرنی ئەمڕۆدا، کە گوایە لە چوارچێوە تەسکەکانی نەژادپەرستی و ئایینپەرستی دەرچووین، بەڵام هێشتا بە دیاردهیهكی سهرنجڕاكێشهوه گیرۆدەین: چۆن ناسنامهیهكی تاكهكهسی بکوژێک دهتوانێت ههموو گەلێک، ئایینێک، یان نهتهوهیهك به تاوانبار دابنێت؟ ئهم دۆخه، له بنهڕهتدا، وههمی ئازادیی فیکری و پێکهوهژیان له ئاستی جیهانیدا لهرزاندووه.
کاتێک تیرۆرێک ئەمریکا دەهەژێنێت و بکوژەکە ناوی “تایلۆر ڕۆبنسۆن”ە – سپیپێستێک، چاو-سەوزێک، کوڕێکی مەسیحی لە خێزانێکی پارێزگار – ئەوا جیهان بەشێوەیەکی “ئاسایی” مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ڕاگەیاندنەکان بەدوای هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییە تاکەکەسییەکاندا دەگەڕێن. توێژەران باس لە نەخۆشی دەرونی، توندڕەویی تاکەکەسی، یان کاریگەریی ژینگەیی دەکەن. کەس بکوژەکە بە نوێنەری گشت سپیپێستەکان، مەسیحییەکان، یان خەڵکی ئەمریکا نازانێت. چونکە لۆژیکی زاڵی ڕۆژئاوا، کە خۆی بە ستانداردی جیهانی دەزانێت، ڕێگە بەو جۆرە گشتاندنە نادات کاتێک باسی “خۆی” دەکات.
بەڵام، ئەگەر تیرۆریستەکە ناوی “موحەمەد” بوایە؟ لە خێزانێکی “پابەندی ئیسلامی” پەروەردە کرابوایە؟ ئەوا سیناریۆکە بەتەواوی دەگۆڕا. لەو ساتەدا، “تاوانەکە” دەبووە “کێشەیەکی کولتووری”. “فەلسەفەی تیرۆر” دەبووە “تیۆرییەکانی جیهادی ئیسلامی”. “دەروونناسیی بکوژ” دەبووە “پاشقولەکانی ئایینێک”. هەموو موسوڵمانێک، لە پڕێکدا، دەبووە گومانلێکراوێک تاوەکو بێتاوانی خۆی بە جیهان بسەلمێنێت. ئەمە لۆژیکی زاڵی ڕۆژئاوایە کە ناسنامەیەکی دیاریکراو بە گشتێک دەبەستێتەوە و قوربانی دەکاتە تاوانبار.
شارلی کیرک، کە کەسایەتییەکی دیاری ڕاستڕەوی ئەمریکی، لەلایەن تایلۆر ڕۆبنسۆنەوە تیرۆر کرا. ئەمە ڕووداوێکی دڵتەزێنە، بەڵام لە گۆشەنیگای فیکرییەوە، دەکرێت وەک تاقیکردنەوەیەکی تاڵی فیکری سەیر بکرێت. ئەگەر شوناسی بکوژەکە بگۆڕدرایە، ئایا گوتاری جیهانی گۆڕانی بەسەردا نەدەهات؟ ئایا نەدەبووینە گۆڕەپانی شەڕێکی نوێی ئایدیۆلۆژی کە تێیدا هەزاران کەسی بێتاوان بە تاوانی تاکەکەسێک سزا دەدران؟
ئەمە پێمان دەڵێت، لۆژیکی باڵادەست هێشتا لەنێو چوارچێوەی نەژادی، ئایینی، و جوگرافیدا کار دەکات. “ئێمە” و “ئەوان” هێشتا وەک دوو جیهانی جیاواز دەبینرێن. کاتێک “ئەوان” تاوانێک دەکەن، هۆکارەکانیان تاکەکەسین؛ کارێک ” ئێمە” تاوانێک دەکەین ئایین و نەژادەکەیان تاوانبارە. ئەم دووفاقییە لە لێکدانەوەدا، بناغەی هەموو ئیسلامۆفۆبیا و نەژادپەرستییەکە کە لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە.
کورت و پوخت، ئەم دۆخە بانگەوازێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لۆژیکە سامناکانەی شوناس کە جیهانی ئێمەیان دابەش کردووە. بانگەوازێکە بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە مرۆڤایەتی کە تێیدا تاوان، تاوانە و ناکرێت بە ناسنامەیەکی گشتییەوە بلکێندێت.




