
لە هەنگاوێکی کتوپڕ و جیۆپۆلەتیکیدا، حکومەتی پاکستان بڕیاریدا بە کردنەوەی شەش ڕێڕەوی وشکانیی نوێ لەگەڵ ئێران، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و تێپەڕاندنی گەمارۆ دەریاییەکان.
وشکانی لە جیاتی دەریا؛ گۆڕانکاریی مۆدێلی بازرگانی:
لە کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ٢٠٢٦ و لە لوتکەی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە، هەزاران بارهەڵگر لە جیاتی کەشتییەکان ئەرکی گواستنەوەی کاڵا ستراتیژییەکانیان گرتووەتە ئەستۆ. ئەم ڕێڕەوانە ڕێگە دەدەن کاڵاکان ڕاستەوخۆ لە بەندەرەکانی (گوادر و کەراچی) پاکستانەوە بگوازرێنەوە بۆ بەندەری (چابەهار) و تۆڕی ڕێگاوبانی ناوخۆی ئێران.
دەروازە نوێیەکان و ئاسانکاریی گومرگی:
جگە لە مەرزە کۆنەکانی وەک (تەفتان و میرجاوە)، ئێستا دەروازەکانی وەک (پێشین و ڕیمدان) بە تەواوەتی بەگەڕخراون. هەردوو وڵات “هێڵی سەوزی ترانزێت”یان دروست کردووە و ڕێکارە گومرگییەکانیان سادە کردووەتەوە تاوەکو بارهەڵگرەکان بە کەمترین کات لە مەرزەکان بپەڕنەوە.
چی دەگوازرێتەوە؟
ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی ڕزگارکردنی هەزاران کۆنتێنەر کە لە بەندەرەکاندا گیریان خواردبوو. گرنگترین ئەو کاڵایانەی دەگوازرێنەوە بریتین لە:
• لە پاکستانەوە: برنج، لۆکە، کەرەستەی خاوی پیشەسازی و هەزاران کۆنتێنەری چینی (کەلوپەلی ناوماڵ و یەدەگ).
• لە ئێرانەوە: غازی شل (LPG) و بەرهەمە جۆراوجۆرە نەوتییەکان.
دەرچەیەک بۆ ئاسیای ناوەڕاست:
ئەم ڕێڕەوە نوێیانە تەنها بۆ ئێران و پاکستان نین، بەڵکو وەک تاقە دەرچەیەک کار دەکەن بۆ گەیاندنی کاڵاکانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش دوای ئەوەی دەریا بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە مەترسیی گەورەی لەسەر دروست بوو.
ئەم هەنگاوە نیشانیدەدات کە وڵاتانی ناوچەکە لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، مۆدێلی بازرگانیی خۆیان لە “پشتبەستن بە دەریا”وە بۆ “پشتبەستن بە وشکانی” دەگۆڕن تاوەکو کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان نەتوانن ئابوورییەکانیان پەکبخەن.
باسک نێت




